گووگڵ چەندین تایبەتمەندیی نوێ بۆ وێبگەڕی کرۆم زیاد دەکات

کۆمپانیای گووگڵ رایگەیاند: نوێکارییەکی گەورەی بۆ وێبگەڕی کرۆم (Chrome) بەردەست کردووە، کە چەندین تایبەتمەندیی نوێ و گرنگ بۆ بەکارهێنەران لەخۆدەگرێت و ئاسانکارییەکی زۆریان بۆ دەکات.

تایبەتمەندییە نوێیەکانی Gemini :
لەم نوێکارییەدا، رۆبۆتی ژیریی دەستکردی Gemini لە شریتی تەنیشتی وێبگەڕەکە جێگیر کراوە و دەتوانرێت لە سەرەوەی هەر پەڕەیەکی ئینتەرنێت دەستی پێ بگات و بەکارهێنەران دەتوانن لەبارەی ناوەڕۆکی ماڵپەڕەکان پرسیار لەم رۆبۆتە بکەن. 

هەروەها Gemini توانای هەیە بابەتەکان کورت بکاتەوە و بەراوردکاری لەنێوان چەندین بەرهەم یان ماڵپەڕی جیاوازدا بکات کە بەکارهێنەر بەدوایاندا دەگەڕێت.

مامەڵەکردن لەگەڵ وێنەکان لە وێبگەڕەکەدا:
وێبگەڕی کرۆم ئێستا پاڵپشتی لە بەرهەمهێنەری وێنە بە ژیریی دەستکرد (Nano Banana) دەکات، ئەگەر بەکارهێنەر Gemini چالاک بکات و هەر لاپەڕەیەکی ئینتەرنێت بکاتەوە کە وێنەی تێدابێت، دەتوانێت بە ئاسانی دەستکاری ئەو وێنەیە بکات یان لەناو ئامێرەکەیدا پاشەکەوتی بکات.

هەماهەنگی لەگەڵ خزمەتگوزارییەکانی دیکەی گووگڵ:
لەمەودوا Gemini زیاتر پەیوەست دەبێت بە خزمەتگوزارییەکانی دیکەی گووگڵ وەک (یوتیوب، جی‌مەیڵ، گووگڵ شۆپینگ و گووگڵ فلایتس).

 بەو هۆیەوە بەکارهێنەر دەتوانێت بۆ گەڕان و کڕینی بلیتی فڕۆکە و دۆزینەوەی کاڵاکان لە کۆگا ئەلیکترۆنییەکاندا سوود لە ژیریی دەستکرد وەربگرێت.

گەڕانی خودکار لە رێگەی ژیری دەستکرد(Auto Browse):
یەکێکی دیکە لە گۆڕانکارییەکان بریتییە لە کاراکردنی Auto Browse کە سیستمێکی پێشکەوتووی ژیریی دەستکردە و دەتوانێت لەبری بەکارهێنەر کارە فرەهەنگاوەکان جێبەجێ بکات، وەک پڕکردنەوەی وشەی نهێنی و زانیارییەکانی پارەدان، بڕینی بلیت، کڕینی کاڵا، بەڕێوەبردنی بەشداریکردنەکان (Subscriptions)، پشکنینی پسوولەکان و تەنانەت گەڕان بەدوای خانووی کرێدا.