ساڵی رابردوو زیاتر لە 16 هەزار منداڵ لە هەولێر لەدایکبوون
بەڕێوەبەرایەتیی نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبوونی هەولێر، ئاماری ژمارەی لەدایکبوون و خزمەتگوزارییە پزیشکییە پێشکەشکراوەکانی ساڵی ڕابردووی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، زیاتر لە16 هەزار حاڵەتی لەدایکبوونی سروشتی و نەشتەرگەری تۆمار کراوە.
شادان شێروان حەیدەری، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئافرەتان و لە دایکبوونی هەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: لە ساڵی رابردوودا 16 هەزار و 676 منداڵ لە نەخۆشخانەکەمان لە دایکبوون، ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی لەدایکبوونی سروشتی 10 هەزار و 216 حاڵەت بووە، لەکاتێکدا 6 هەزار 460 حاڵەتیش لە رێگەی نەشتەرگەرییەوە بووە."
سەبارەت بە رەگەزی منداڵەکان، شادان حەیدەری ئاشکرای کرد، ژمارەی کوڕ 8 هەزار و 417 منداڵ بووە، لە بەرامبەردا 8 هەزار و 259 کچ لەدایکبوون، دەشڵێت، 416 حاڵەتی لەدایکبوونی دووانە و 10 حاڵەتی سیانە تۆمار کراون.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە ئامارە گشتییەکانی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانیشی خستەڕوو و گوتی: ژمارەی حاڵەتەکانی مانەوە لە نەخۆشخانە 35 هەزار 417 حاڵەت بووە، هاوکات 6 هەزار و 361 نەشتەرگەری گەورە کراوە، هەزار و 447 نەشتەرگەری مامناوەند و 317 نەشتەرگەری بچووک ئەنجام دراون.
گوتیشی: "نەخۆشخانەکە پێشوازی لە 75 هەزار و 607 سەردانیکەر کردووە، هەروەها لە بەشی منداڵە ناکامەکان 7 هەزار و 996 منداڵ خەوێندراون.
لە بواری خزمەتگوزارییە تاقیگەیی و دەستنیشانکردنی نەخۆشیشدا، ئەو بەڕێوەبەرە رایگەیاند، 22 هەزار و 163 پشکنینی تاقیگەیی و 61 هەزار و 739 پشکنین بە ئامێری سۆنەر ئەنجام دراون، جگە لەوەی 3 هەزار و 101 پشکنینی تیشک کراون، ئەوەشی خستەڕوو، 273 نازوور ئەنجام دراوە، کە 112 حاڵەتیان بۆ ئافرەتانی دووگیان بووە.