تەندروستیی هەولێر: ڤاکسینی سورێژە بەردەستە بەڵام دایکان و باوکان کەمتەرخەمن
تەندروستیی دهۆک: لە ئاکرێ تووشبووان چارەسەرکراون و لە دهۆکیش هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر رایگەیاند، لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا زیاتر لە 100 حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشیی سورێژە لە سنووری پارێزگای هەولێر تۆمارکراون.
ئەمڕۆ سێشممە، 13ـی تشرینی یەکەمی 2026، دکتۆر دلۆڤان ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر، لە لێدوانێکدا تایبە بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 ئاشکرایکرد، نەخۆشییەکە تا ماوەیەک پێش ئێستا لەژێر کۆنترۆڵدا بوو، بەڵام ئێستا بڵاوبووەتەوە و لە پارێزگای دهۆکیش حاڵەتی تووشبوون تۆمارکراوە.
دکتۆر دلۆڤان سەبارەت بە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی پەتاکە روونیکردەوە، کەمبوونەوەی سەردانی هاووڵاتییان بۆ بنکە تەندروستییەکان و لاوازیی ئاستی هۆشیاری لەبارەی گرنگیی کوتان، بوونەتە هۆکاری سەرەکیی تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکە. ئەو جەختیکردەوە، ئەگەر تیمەکان بەشێوەی گەڕۆک سەردانی ماڵان بکەن، رێژەی وەرگرتنی پێکوتە بەرزتر دەبێتەوە.
سەبارەت بە هەڵمەتی کوتان، دکتۆر دلۆڤان گوتی: "پێشتر ئەو جۆرە هەڵمەتانە بە پاڵپشتیی رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و WHO دەکران، بەڵام ئێستا بەهۆی کەمبوونەوەی بودجەی ئەو رێکخراوانە و گۆڕانی بەرنامەکانیان بۆ عێراق، ئەو هەڵمەتانە نەماون."
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر ئاماژەی بەوەشدا، وەزارەتی تەندروستیی عێراقیش وەک بەرپرسی یەکەمی هەڵمەتە فراوانەکان، لە ساڵی 2023ـەوە هیچ هەڵمەتێکی نوێی نەکردووە و پابەندبوونە داراییەکانی جێبەجێ نەکردووە. بۆیە تا بودجەی تایبەت تەرخان نەکرێت، ئەنجامدانی هەڵمەتی فراوان ئەستەمە.
ئێستا تەندروستیی هەولێر پشت بە ستراتیژیی هەڵمەتی بچووک یان مەیدانی دەبەستێت. دکتۆر دلۆڤان روونیکردەوە، کاتێک حاڵەتێک لە گەڕەک یان کۆڵانێک تۆمار دەکرێت، تیمە تەندروستییەکان بەدواداچوونی جوگرافی بۆ شوێنەکە دەکەن و راستەوخۆ دەچنە ئەو ناوچەیە بۆ کوتانی ئەو منداڵانەی لە دەوروبەری کەسی تووشبوودان.
هاوکات لە پارێزگای دهۆک، تیمەکانی تەندروستی لە شارۆچکەی ئاکرێ توانیویانە سەرهەڵدانی نەخۆشیی سورێژە لە گوندەکانی سنوورەکە کۆنترۆڵ بکەن. بەگوێرەی ئامارەکانی نەخۆشخانەی منداڵان و لەدایکبوون لە ئاکرێ، لە ماوەی رۆژانی 2 تا 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، 13 منداڵ لە تەمەنی 1 بۆ 9 ساڵ تووشی ئەو نەخۆشییە بوون کە پێشتر پێکوتەیان وەرنەگرتبوو.
دکتۆر ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دهۆک ئاماژەی بەوەدا، پێنج منداڵ بە تەواوی چاک بوونەتەوە و رەوشی تەندروستیی 8 منداڵەکەی دیکەش جێگیرە و هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان تۆمار نەکراوە. 7ـی تشرینی یەکەم، هیچ حاڵەتێکی نوێی تووشبوون لە نەخۆشخانە تۆمار نەکراوە.
تەندروستیی ئاکرێ هۆکاری سەرەکیی تووشبوونی ئەو منداڵانەی بۆ وەرنەگرتنی پێکوتە گەڕاندەوە، کە ئەوەش بەهۆی دووریی گوندەکان لە بنکە تەندروستییەکان و لاوازیی هۆشیاریی تەندروستی بووە. بۆ کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە، تیمە تەندروستییەکان دەستیان بە پرۆسەی Ring Vaccination کردووە، کە بریتییە لە کوتانی سەرجەم ئەو کەسانەی بەرکەوتەیان لەگەڵ تووشبووەکان هەبووە، تا زنجیرەی گواستنەوەی نەخۆشییەکە بپچڕێنرێت. هەروەها بۆ دووهەفتەش قوتابخانەی گوندەکەیان داخستووە تاکو نەگوازرێتەوە بۆ مندالانی دیکە.