وردەکاریی کەیسی ئەو بازرگانەی ملیۆنان دۆلاری دەڤەری راپەڕینی لایە

قازانج یان زیانی ملیۆنان دۆلار لە خەڵکی دەڤەری راپەڕین؟
سلێمان هەڵشۆیی، وێنەکە لە فەیسبووکی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک وەرگیراوە
سلێمان هەڵشۆیی، وێنەکە لە فەیسبووکی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک وەرگیراوە

K24 - هەولێر

"مامەڵەی پشدەرییانە" ئەو دەستەواژەیەی دوو رۆژه‌ سۆشیاڵ میدیاکانی کوردستانی تەنیوە، بەهۆی تۆمارکردنی سکاڵا لەدژی بازرگانێکی دەڤەری پشدەر، کە دەگوترێت مایەپووچبوونی خۆی راگەیاندووە و ئێستا ملیۆنان دۆلاری هاووڵاتییانی دەڤەرەکە قەرزارە.

ئەو بازرگانە ناوی سلێمان هەڵشۆییە: ئۆتۆمبێل، زەوی، خانوو و تەنانەت ئاژەڵیشی بە بەسوود و ماوە لە هاووڵاتییانی سنوورەکە وەرگرتووە، بەبێ ئەوەی گرێبەستی یاسایی بکەن، بەڵام دەگوترێت "دوێنێ مایەپووچبوونی خۆی و کۆمپانیاکەی راگەیاند".

"مامەڵەی پشدەرییانە" چۆنە؟

لە ئۆتۆمبێل، خانوو، زێڕ و تاوەکو دەگاتە مەڕوماڵات و دەمانچە، واتا هەرشتێک پارە بکات سلێمان هەڵشۆیی بە ماوەی دوو مانگ تاوەکو شەش مانگ لە هاووڵاتییانی وەرگرتووە، بە نیوەخێر و تاوەکو یەک لەسەر سێێ خێر (واتا ئەگەر بۆ نموونە ئۆتۆمبێلێک بە 15 هەزار دۆلار بووبێت بە نرخی بازاڕ، ئەو بە 23 هەزار دۆلار وەریگرتووە بەو مەرجەی بۆ نموونە دوای دوو مانگ تاوەکو شەش مانگ پارەکەی بدات".

ئەوانەی مامەڵەیان لەگەڵ سلێمان هەڵشۆیی کردووە، هیچ گرێبەستێکی یاساییان نەکردووە، تەنها دەستنووسێک لەنێوانیاندا هەبووە.

سلێمان هەڵشۆیی هەرچی کڕیویەتی دەستبەجێ بە بڕێکی کەمتر لە نرخی بازاڕ فرۆشتووییەتییەوە و بە پارەکەی دەستیکەوتووە، کاری دراوی ئەلیکترۆنی کردووە، دەگوترێت تەنانەت یەک لەسەر سێی ئەو ماڵپەڕەی کڕیوە کە پارەکەی کردووەتە ئەلیکترۆنی و لێی داناوە.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 ئەو ماڵپەڕ و دراوە ئەلیکترۆنییە وەک خۆیانن و مایەپووچ نەبوون.

پەیامنێری كوردستان24 لە دەڤەری راپەڕین دوێنێ رایگەیاند، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی مایەپووچبوونی ئەو بازرگانە، سەدان کەس لەوانەی پارەیان لایەتی، چوونەتە سەر ماڵەکەی تاوەکو پارەکانیان وەربگرنەوە.

چۆن دەستگیرکرا؟

محەمەد فازڵ، گوتەبێژی ئاسایشی راپەڕین بە کوردستان24ـی راگەیاند بازرگانەکە "لەلایەن تیمێکی ئاسایشەوە دەستگیرکراوە و رادەستی پۆلیسی راپەڕین کراوە".

رائید شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بۆ کوردستان24 پشتڕاستی کردەوە "ئەو بازرگانە سکاڵای یاسایی لەدژی تۆمارکراوە، بۆیە بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکراوە".

تاوەکو ئێستا بەگوتەی شۆڕش ئیسماعیل زیاتر لە 100 کەس سکاڵایان لەدژی سلێمانی هەڵشۆیی تۆمارکردووە. گوتەبێژەکە هەروەها دەڵێ "ئێستا سلێمان هەڵشۆیی لە بنکەی پۆلیسی راپەڕین راگیراوە و لەسەر کێشەی قەرز و سکاڵاکان لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت. ئەگەر گەیشتینە ئەنجامێک، سبەی یان دواتر کۆنگرەی رۆژنامەوانی دەبەستین".

ئەمڕۆش ژمارەیەک هاووڵاتی لەنزیک قەڵادزێ، لە دەڤەری راپەڕین کە قەرزیان لای سلێمان هەڵشۆییە، خۆپیشاندانیان کرد و داوای پارەکانیان دەکەنەوە.

سلیمان هەڵشۆیی تەمەنی 26 ساڵە و ساڵ و نیوێکە "مامەڵەی پشدەرییانە" دەکات.

جەبار، یەکێکە لەوانەی شاهێدی مامەڵەکانی سلێمان هەڵشۆییە، دەڵێ "زۆر کوڕێکی پیاوانە بوو، 20 رۆژ یان مانگێک پێش تەوابوونی وادەکەی، پارەکەی دەدایەوە، بەڵام دوێنێ مەوعیدی هەندێک کەس بووە پارەکانیانی لێی وەربگرنەوە، کە چوون دەبینن، نەهاتووە بۆیە پێنج کەسیان چوونەتە ماڵیان لە قەڵادزێ و ئەویش گوتوویەتی مایەپووچ بووم".

گومان هەیە

جەبار باس لەوە دەکات کاتێک چووەتە ماڵی، بینیویەتی سلێمان ئاگای لەخۆی نییە و ئاماژە بەوە دەکات "چاوی سوور بووە و دەلەرزی و ئاگای لەخۆی نەبوو".

مامەڵەی ملیۆنان دۆلاری

جەبار هەروەها دەڵێ دوێنێ "دوو کەس هاتن، گوتیان هەریەکەمان 100 دەفتەر (یەک ملیۆن دۆلار)ـمان داوەتێ، بۆ نموونە من ئاگادارم ئەو برادەرەم 50 دەفتەر (نیو ملیۆن دۆلار)ـی داوەتێ، لەڕێگەی ئەویشەوە کەسی دیکە هەیە 50 دەفتەری پێداوە".

ئەو باس لەوەش دەکات "دوێنێ کە چوونەتە ماڵەکەی، 800 دەفتەر دۆلاری پێبووە (هەشت ملیۆن دۆلار)، واتا دەبووایە دوێنێ پارەکان بداتەوە و مەوعیدی هەبووە لەو باغە بیداتەوە خەڵک، بەڵام چەند کەسانێکی دەوروبەری دەرمانیان داوەتێ، بێهۆشیان کردووە، پارەکەیان هەمووی لێسەندووە و ئیفلاسی کردووە".

خەڵک متمانەی زۆریان بەو بازرگانە هەبووە، بۆیە نەوەک تەنیا لە پشدەر و بیتوێن، بەڵکو بەگوتەی شاهێدحاڵان لە شوێنی دیکەشەوە لەوانە لە: کەرکووک، چەمچەماڵ و سلێمانییەوە خەڵک هاتوون بە بڕی ملیۆنان دۆلار "مامەڵەی پشدەرییانەیان" لەگەڵ کردووە.

"کاک سلێمان کە رۆیشتی گەردەنت ئازابێت"

کەسێکی دیکە کە لە شوێنی خۆپیشاندانەکە قسەی بۆ کوردستان24 کرد، دەڵێ "ئۆتۆمبێلێکم داوەتێ و ئەوڕۆ مەوعیدم بوو و ئێستاش بە خەڵکەکە دەڵێم؛ ئەو کوڕە هیچ زەمانەتێکی نەبووە کە ئەو کارەی کردووە، بە خەڵکەکەی گوتووە ئەگەر بەیانی ئیفلاسم هێنا یان زەرەرم کرد، کەس بۆی نییە بچێتە سەر ماڵی من".

باس لەوەش دەکات "ئەوانەی چوونەتە سەر ماڵەکەی، کاریکی هەڵەیان کردووە. دەمانەوێت ئەو کوڕە یەک روونکردنەوە بدات؛ ئایا مایەپووچ بووە یان پارەکەی لێ دزراوە، چونکە ئەو کۆمپانیایەی ئەو پارەکەی تێدەکات، ئێستاش هەر کاردەکات و منیش لەو کۆمپانیایەدام".

لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە دەکات "ئەو ئۆتۆمبێلەی من داومەتێ، BM بوو بە 80 گەڵا (هەشت هەزار دۆلار) بوو بە 125 گەڵا (12 هەزار و 500 دۆلار) داومەتێ بۆ ماوەی سێ مانگ، پێشمگوتووە کاک سلێمان کە رۆیشتی گەردەنت ئازابێت".