بە ژیریی دەستکرد شوورەی دیاربەکر نۆژەن کرایەوە
لە دیاربەکر، ئادەم ئولوسۆی، شارەزای بواری ژیریی دەستکرد، لە رێگەی پرۆژەیەکی تایبەتەوە، ئەو بەشانەی شوورە مێژووییەکەی شارەکەی نۆژەن کردەوە کە لە ساڵی 1932دا رووخێنرابوون.
لە ساڵی 1932، بەشێکی شوورەکانی دیاربەکر لە دەوروبەری ناوچەکانی "داغکاپی" و "ماردین کاپی" لەسەر فەرمانی حەسەن فایز ئەرگون، پارێزگاری ئەو کاتەی شارەکە و بە رێنمایی ئەنقەرە رووخێنران. ئەو کاتە پاساوی رووخاندنی شوورەکان ئەوە بوو کە شارەکە پێویستی بە هەوا و فراوانبوونە، بەڵام ئەم بڕیارە ناڕەزایەتی لێ کەوتەوە.
هەرچەندە کەسایەتییە دیارەکانی شارەکە هەوڵیان دا رێگری لە رووخاندنی شوورەکان بکەن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. دواتر ئەلبێرت گابریێل، شوێنەوارناسی فەرەنسی، تەلەگرافێکی بۆ ئەنقەرە نارد و تێیدا روونی کردەوە کە رووخاندنی ئەم شوورانە لە رووی زانستییەوە هەڵەیە و شارەکە هیچ کێشەیەکی هەواگۆڕکێی نییە. دوای ئەم تەلەگرافە، پرۆسەی رووخاندنەکە وەستا، بەڵام بەشێکی گرنگی شوورەکان تێک درابوون.
ئادەم ئولوسۆی، خاوەنی پرۆژەکە، لە رێگەی وێنە کۆنەکان و تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد، وێنەیەکی خەیاڵیی بۆ ئەو شوێنانە دروست کردووەتەوە. ئۆلۆسۆی دەڵێت: ویستم وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە کە ئەگەر ئەو دیوارە مێژووییانە نەرووخێنرابان، ئێستا دیمەنی شارەکە چۆن دەبوو؟
ئولوسۆی، گوتیشی: لەو کاتەدا بەناوی مۆدێرنکردنی شارەوە ئەم کارە کراوە. منیش لە رێگەی ئەم کارەوە ویستم گرنگیی ئەم شوورانە نیشان بدەم کە نزیکەی 2000 ساڵە وەک مێژوویەکی زیندوو بە پێوە وەستاون.
شوورەکانی دیاربەکر کە بە یەکێک لە درێژترین و کۆنترین شوورەکانی جیهان دادەندرێن، لە لیستی میراتی جیهانیی یونسکۆدا تۆمارکراون و پاراستنیان وەک ناسنامەیەکی مێژوویی ناوچەکە دەبینرێت.