نوورەددین عیسا بۆ کوردستان24: حکوومەتی سووریا منی وەکوو پارێزگای حەسەکە پەسەند کرد

نوورەددین عیسا ئەحمەد ڕایگەیاند، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکانی تایبەت بە پەسەندکردنی وەک پارێزگاری حەسەکە دەچێتە دیمەشق.

یەکشەممە 1ی شوباتی 2026، نوورەددین عیسا ئەحمەد بە کوردستان24ی گوت: حکوومەتی سووریا منی وەکوو پارێزگای حەسەکە پەسەند کرد، لەم دوو ڕۆژەدا دەچمە دیمەشق بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان.

ئاماژەشی دا، بۆ خزمەتکردنی شاری حەسەکە ئامادەی هەموو شتێکم و هەوڵ دەدەین شارەکە بەرەو پێشەوە ببەین

 ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی شوباتی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی نێردراوی کوردستان24 لە قامشلۆ، بڕیارە سبەی دووشەممە، لە چوارچێوەی جێبەجێ کردنی رێککەوتننامەی گشتگیر، هێزی ئەمنیی حکوومەتی سووریا لە چوارگۆشەی ئەمنی قامشلۆ جێگری بکرێن.

لە قۆناغی یەکەمدا  فیرقەیەکی سەربازیی نوێ کە لە 3 لیوای 16 هەزار کەسی بۆ هێزەکانی هەسەدە پێکدەهێنرێت و پرۆسەی تێکەڵ کردنەوەی هێزەکانی هەسەدە و حکوومەتی سووریا مانگێک دەخایەنێت.

دوای ئەوەی فڕۆکەخانەی قامشلۆ و دەروازە سنوورییەکان رادەستی حکوومەتی سووریا کران، لە قۆناغی دووەمدا کێڵگە نەوتییەکانیش رادەست دەکرێن.

هەینی 30ـی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، دەقی رێککەوتننامە گشتگیرەکەی لەگەڵ حکوومەتی سووریا بڵاو کردەوە، کە تێیدا کۆتاییهێنان بە شەڕ و پرۆسەی یەکگرتنی تەواوەتی هێزە سەربازی و دامەزراوە ئیدارییەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا راگەیەندرا.

 

زانیاری کەسی:

ناو: نورەدین عیسا
ناسناو: ئەبو عومەر خانیکا / ئەندازیار نورەدین ئەبو عومەر
شوێنی لەدایکبوون: گەڕەکی خانیکا، شاری قامشلۆ، پارێزگاری حەسەکە،
پاشخان: کەسایەتییەکی سیاسی و ئیداریی کورد.

کورتەیەک دەربارەی:

کەسایەتییەکی دیاری ئیداری و سیاسیی سووریایە، خاوەنی هەژموونێکی بەهێزە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی سووریا. ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە نێوەندگیری و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی نێوان پێکهاتەکان (کورد و عەرەب).

بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکان - یەپەگە (YPG)

بەڕێوەبردنی دۆسیەی پەیوەندییەکان لەگەڵ هۆز و عەشیرەتە عەرەبییەکان و پێکهاتەکانی ناوچەکە.
ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە هێورکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەرکردنی ناکۆکییە ناوخۆییەکان.


بەڕێوەبەری زیندانی عەلایە

شاری قامشلۆ
بەڕێوەبردنی دۆسیە ئەمنی و ئیدارییەکانی زیندانەکە، کە ئەمەش پێگەی ئەوی لەناو دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەری بەهێز کرد.


فەرمانبەر لە فەرمانگەی پۆستە

پۆستەی قامشلۆ
پێش ساڵی 2011
بەهۆی هەڵوێستی سیاسی و بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی دژی حکوومەت، لە کارەکەی دورخرایەوە.