دەم پارتی لە ئیستانبوڵەوە بانگەوازی ئاشتی ئاراستەی تورکیا و کردنەوەی دەستبەجێی سنوورەکانی کۆبانێ دەکات
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، خۆپیشاندانێکی جەماوەریی لە شاری ئیستانبوڵ بۆ پشتگیریکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕێکخست.
ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی لە گوتارێکدا ڕایگەیاند: کاتی ئەوە هاتووە دەوڵەتی تورکیا لەبری هەڕەشە، وەک هێزێکی نەتەوەیی سەیری کورد بکات و لە بری سیاسەتی دوژمنکارانە، ڕێگەی ئاشتی و برایەتی بگرێتە بەر.
دۆغان جەختی کردەوە، یەکگرتوویی کوردان نەک هەر مەترسی نییە، بەڵکو فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ڕاست و دروست لە ناوچەکەدا.
گوتەبێژی دەم پارتی داوای لە ئەنقەرە کرد، دەستبەجێی دەروازە سنوورییەکانی کۆبانێ بکاتەوە بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ئەو شارە.
دۆغان روویکردە دەسەڵاتدارانی تورکیا و گوتی: ئەگەر وەک دەڵێن ئێمە هەزاران ساڵە برای یەکین و کۆچبەری و ئێش و ئازاری گەلانمان ناوێت، فەرموون ئێستا دەرفەتە و دەستی هاوکاری بۆ کۆبانێ درێژ بکەن، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، کورد دەیەوێت دیوارەکانی دوژمنایەتی بڕوخێنێت و سنوورە جوگرافییەکان بکاتە پردی برایەتی، بۆیە کاتی ئەوەیە تورکیا بڕیاری بوێرانە بدات و پەیامی ئاشتییەکەی لە قسەوە بکاتە کرداری مەیدانی.
ئایشەگول دۆغان ڕایگەیاند: سەرکەوتنی قامشلۆ، دیاربەکر، هەولێر و ئیستانبوڵ بە یەکەوە گرێدراوە، دووپاتی کردەوە، کورد هەرگیز هەڕەشە نەبووە بۆ سەر هیچ لایەک و ئەو دەستەی بۆ ئاشتی درێژ کراوە، دەرفەتێکی مێژووییە بۆ تورکیا، دۆغان جەختی کردەوە، تەنیا رێگە بۆ دۆستایەتییەکی ڕاستەقینە، گەرەنتیکردنی ماف و دەستکەوتەکانی کوردە لە دەستوور و یاساکاندا، هاوکات ڕەخنەی لەو هێرشانە گرت کە دەکرێنە سەر کوردانی رۆژئاوا و گوتی: ئەوانەی پەلاماری کچانی کورد دەدەن و کەزییەکانیان دەبڕن، لە ڕاستیدا لە بەرانبەر ئیرادەی کچێکی کورددا بێهێز و دۆڕاون.
گوتەبێژی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان لە گەورەترین شاری کوردنشین و فرەنەتەوەی جیهانەوە کە ئیستانبوڵە، ئەم بانگەوازە دەکەن و خاوەنی بڕیار و ئیرادەی خۆیانن، داوای لە حکوومەتی تورکیا کرد، چیتر بڕیاری ئاشتی دوا نەخات و رێگە بدات هاوکارییەکان بگەنە دەستی ئەو لێقەوماوانەی لە ژێر بۆردوماندان لە رۆژئاوای کوردستان و کۆبانێ، چونکە هێزی کورد لە یەکگرتووییەکەی دایە.
دەشڵێت: ئاشتی تەنیا بژاردەیە کە هەموو گەلان بە سەربەرزانە تێیدا سەردەکەون.
شاری ئیستانبوڵ کە بە گەورەترین شاری کوردنشین لە جیهاندا ئەژمار دەکرێت، هەمیشە ناوەندی قورسایی سیاسیی دەم پارتی بووە، ئەم خۆپیشاندانە لە 1ـی شوباتی 2026، لە کاتێکدایە کە ڕێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە ئاسۆیەکی نوێیان بۆ سووریا خوڵقاندووە، دەم پارتی وەک نوێنەری بەشێکی گەورەی کورد لە ناوخۆی تورکیا، هەوڵ دەدات ئەنقەرە ناچار بکات سیاسەتی خۆی بەرانبەر ڕۆژئاوای کوردستان بگۆڕێت و لەبری گەمارۆ و شەڕ، پەنا بۆ دیالۆگ و کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان ببات، کە ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پڕۆسەی ئاشتی لە ناوخۆی تورکیاش دەبێت.