بەرپرسێکی ئێران بۆ رۆیتەرز: ئامادەین 400 کیلۆ گرام یۆرانیۆم رادەست بکەین

ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی شوباتی 2026، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، ئێران هەوڵ دەدات لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی کە 12 رۆژ جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێرانی لێکەوتەوە و ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکان و شارەزایانی ئەتۆمی کوژران و بنکە ئەتۆمییەکانیش بە ئامانج گیران، نەرمی بنوێنێت.

ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران هەر بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئامادەن 400 کیلۆگرام یۆرانیۆم رادەستی پشکێنەرانی نێودەوڵەتی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی بکەن.

هاوکات ئاژانسی ئەکسیۆس هەر ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی شوباتی 2026 بڵاوی کردەوە، بڕیارە رۆژی هەینی داهاتوو، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بۆ گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە ئیستانبوڵ کۆببنەوە.

ئەمە لە کاتێکدا، ستێڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بڕیارە سبەی سێشەممە لەگەڵ بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆببێتەوە.

 ئەم دیدارە گرنگە دوای ئەوە دێت کە حکوومەتی ئیسرائیل دەروازەی سنووریی ڕەفەحی لە نێوان کەرتی غەززە و وڵاتی میسر بە شێوەی بەش کردەوە، کە ئەمەش وەک یەکەمین هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەست دەبینرێت.

بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل ئاشکرای کردووە، ویتکۆف سبەی دەگاتە ئیسرائیل، بەڵام ئاماژەی بە شوێن و وردەکاریی ئەجێندای کۆبوونەوەکە نەکرد.

 پێشتر لە 24ـی کانوونی دووەمی 2026، ویتکۆف هاوڕێ لەگەڵ جارید کۆشنەر، زاوا و ڕاوێژکاری پێشووی ترەمپ، سەردانی تەلئەڤیڤیان کردبوو و لەگەڵ نەتانیاهۆ کۆبووبوونەوە تاوەکو فشار دروست بکەن بۆ کردنەوەی دەروازەکە و چەسپاندنی ئاگربەستەکە، کە بە نێوەندگیریی ڕاستەوخۆی سەرۆکی ئەمریکا واژۆ کراوە.

میدیاکانی ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم سەردانە نوێیەی ویتکۆف ئامانج لێی چاودێریکردنی پڕۆسەی ئاگربەست و دڵنیابوونەوەیە لە بەردەوامیی گەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناو غەززە، چاوەڕوان دەکرێت لە دیدارەکەدا باس لە قۆناغەکانی داهاتووی ڕێککەوتنەکە و میكانیزمی پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا بکرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە واشنتن دەیەوێت بە زووترین کات کۆتایی بە ململانێکان بهێنێت.