خامنەیی: نەخشەی ئەم ئاژاوەگێڕییەی ئێران لە دەرەوەی وڵات پەرەی پێدراوە

عەلی خامنەیی
عەلی خامنەیی

عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، رایگەیاند: ئاژاوە و پشێوییەکانی ئەم دواییەی ناوخۆی وڵاتەکەی، بە تەواوی لەلایەن زایۆنیستەکان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە رێکخراوە. 

خامنەیی جەختی کردەوە،  سەرەڕای تێوەگلانی راستەوخۆی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا و مۆسادی ئیسرائیلی و بەکارهێنانی تەواوی تواناکانیان لە مەیدانەکەدا، بەڵام پلانەکانیان رووبەڕووی شکستی گەورە بووەتەوە.

رێبەری باڵای ئێران ئاماژەی بەوە کرد، لە رێگەی سەرچاوەیەکی تایبەت و باوەڕپێکراوەوە زانیارییان پێگەیشتووە کە هەردوو دەزگای هەواڵگری ئەمریکا و مۆساد، هەموو سەرچاوە و ئامرازەکانی خۆیان بۆ تێکدانی سەقامگیریی ئێران خستووەتە گەڕ. خامنەیی راشیگەیاند: نەخشەی ئەم ئاژاوەگێڕییە لە دەرەوەی وڵات پەرەی پێدراوە و هەر لە دەرەوەشەوە بەڕێوەبراوە، بەڵام دەرەنجامەکەی وەک هەوڵەکانی تریان بە شکستی ئەو هێزانە کۆتایی هاتووە.

خامنەیی پشێوییەکانی ئەم دواییەی تاران بە ڕەفتارەکانی داعش دەچوێنێت و ئەمریکا بە داڕێژەری پلانەکان تۆمەتبار دەکات.

عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەیامەکەی ئاراستەی بەشداربووانی پشێوییەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکەی  کرد و ڕایگەیاند: رەفتارەکانیان هاوشێوەی دڕندەییەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بووە.

 خامنەیی جەختی کردەوە، ئەم فیتنەیە بە ئامانجی تێکدانی بنەماکانی ئاسایش و وەستاندنی پڕۆسەی گەشەپێدان لە ئێراندا پلانی بۆ داڕژاوە، چونکە بەبێ ئاسایش هەموو سێکتەرەکانی بەرهەمهێنان، خوێندن و توێژینەوەی زانستی پەک دەكەون.

رێبەری باڵای ئێران ئاماژەی بەوە کرد، تێکدەران لە ناوخۆی وڵاتدا خەڵکیان بە زیندوویی سووتاندووە و سەری مرۆڤەکانیان بڕیوە، کە ئەمانە هەمان ئەو تاوانانەن پێشتر داعش ئەنجامی دەدان.

 خامنەیی راستەوخۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە دروستکردنی داعش تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند، بەرپرسانی واشنتن پێشتر دانیان بەوەدا ناوە کە ئەو ڕێکخراوەیان دروست کردووە، ئێستاش لە رێگەی توندوتیژییەوە هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی ئێران دەدەن.

لە بەشێکی تری پەیامەکانیدا، خامنەیی تیشکی خستە سەر ئەوەی، سەرکردەکانی ئەم ئاژاوەیە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە ڕاهێنراون و ئەرکی کوشتنی ئەندازیارییان پێ سپێردراوە. 

خامنەیی بانگەشەی ئەوەی کرد،  ئەو سەرکردانە تەنانەت لە پشتەوە هێرشیان کردووەتە سەر ئەو کەسانەی کە خۆیان لە رێگەی پڕوپاگەندەوە بۆ ناو مەیدانەکەیان کێش کردوون، ئەمەش بە مەبەستی قووڵکردنەوەی قەیرانەکان و دروستکردنی پشێویی زیاتر.