ئەردۆغان: رێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە قۆناغێکی نوێیە

سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، هەر هەنگاوێک خزمەت بە ئاشتی و سەقامگیری سووریا و یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە بکات، لای ئەوان جێگەی قبووڵکردنە و بە گرنگییەوە لێی دەڕوانن.

دووشەممە 2ـی شوباتی 2026، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، چارەسەرکردنی کێشەکانی باکووری سووریا بەبێ رشتنی خوێن و لەسەر بنەمای یەک سوپا، یەک دەوڵەت و یەک سووریا زۆر گرنگە و ئەمە دەبێتە بناغەی سەقامگیری.

سەبارەت بە رێککەوتنەکانی ئەم دواییەش، ئەردۆغان گوتی: ئەو رێککەوتنەی لە نێوان حکوومەتی سووریا و هەسەدە ئەنجامدراوە، لەو گۆشەنیگایەوە هەڵدەسەنگێنین کە لاپەڕەیەکی نوێیە بۆ گەلی سووریا.

سەرۆککۆماری تورکیا هیواشی خواست کە ئەم قۆناغە نوێیە کۆتایی بە شەڕ و گرژییەکان بهێنێت و سەقامگیری، ئاشتی، گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی سووریا بەدی بهێنێت.

هاوکات راشیگەیاند، هەر کەسێک هەوڵی تێکدانی ئەم دۆخە بدات، باجەکەی دەدات. هەر لایەنێک پەنا بۆ تیرۆر ببات، ئەمڕۆ بێت یان سبەی، هیچ ئەنجامێکی نابێت.

هەینی 30ـی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، دەقی رێککەوتننامە گشتگیرەکەی لەگەڵ حکوومەتی سووریا بڵاو کردەوە، کە تێیدا کۆتاییهێنان بە شەڕ و پرۆسەی یەکگرتنی تەواوەتی هێزە سەربازی و دامەزراوە ئیدارییەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا راگەیەندرا.