ئەحمەد شەرع پێشوازیی لە شاندێکی ئەنەکەسە کرد
لە میانەی کۆبوونەوەی نێوان ئەحمەد شەرع و شاندێکی ئەنەکەسە، جەخت لەسەر مافە دەستووریەکانی کورد کرایەوە، هەروەها مەرسوومەکەی سەرۆکایەتیی سووریاش، بە هەنگاوێکی گرنگ و ستراتیژی وەسف کرا.
سێشەممە، 3ـی شوباتی 2026. سەرۆکایەتیی سووریا، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی وڵاتەکە، لە کۆشکی شەعب، پێشوازیی لە شاندێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد (ئەنەکەسە) کرد.
بە پێی راگەیەنراوەکە، لە میانەی کۆبوونەوەکەدا، ئەحمەد شەرع جەختی کردەوە لەسەر پابەندبوونی تەواوی دەوڵەت بە دەستەبەرکردن و پاراستنی مافی هاووڵاتییانی کورد، وەک پێکهاتەیەکی سەرەکیی وڵات، بە جۆرێک کە لەگەڵ ماددە و بڕگەکانی دەستووری وڵاتدا بگونجێت.
لای خۆیەوە، شاندی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد، خۆشحاڵیی خۆیان بە دەرچوونی مەرسوومی سەرۆکایەتیی سووریا ژمارە 13 دەربڕی و بە گەرمی پێشوازییان لێ کرد.
لە راگەیەنراوەەکەدا هاتووە، شاندەکە دەرچوونی مەرسوومەکەیان بە هەنگاوێکی ستراتیژی و گرنگ وەسف کرد لە پێناو چەسپاندنی مافەکان و پاراستنی تایبەتمەندییە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی پێکهاتەی کورد لە سووریا.
ئەم کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پتەوکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی و گرنگیدان بە مافی سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی سووریا دێت.


