ئیدارەی ئەمریکا سەرقاڵی ئامادەکاریی دانوستانەکانن لەگەڵ تاران
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران دەیەوێت لەگەڵ ئەمریکا رێککەوتن بکات، گوتیشی، ئێستا ئیدارەکەی سەرقاڵی ئامادەکاری دانوستانێکی چالاکە لەگەڵ تاران.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی گوت: ئێران دەیەوێت لەگەڵ ئەمریکا بگاتە رێککەوتن، گوتیشی، ئێستا ئیدارەکەی سەرقاڵی دانوستانێکی چالاکە لەگەڵ تاران.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، با بزانین دەتوانین لەگەڵ ئێران بگەینە رێککەوتن یان نا، ئەوان ماوەیەک پێش ئێستا دەرفەتێکیان بۆ رەخسا بگەنە رێککەوتن، بەڵام سەری نەگرت، ئەوان دەیانەوێت دانوستان بکەن، ئێمەش ئێستا دانوستانیان لەگەڵ دەکەین.
لەبارەی بەڕێوەچوونی شوێنی دانوستانەکان، ترەمپ خۆی لە وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە بەدوور گرت ئاشکرای نەکرد دانوستانەکان لەگەڵ ئێران لە کوێ بەڕێوەدەچێت.
دوێنێ سێشەممە، 3ـی شوباتی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی راسپاردووە بۆ دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا.
رۆژی دووشەممە، ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئیستانبوڵ کۆدەبێتەوە و ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنی ئەتۆمی تاوتوێ دەکات.
لەلایەکی دیکەوە ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری سەرچاوەیەکی عەرەبییەوە بڵاویکردووەتەوە، بڕیارە ڕۆژی هەینی داهاتوو دانوستانی ئەتۆمی نێوان ئەمریکا و ئێران لە سەڵتەنەی عوممان بەڕێوەبچێت. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، ئیدارەی ترەمپ رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر داواکەی تاران بۆ گواستنەوەی دانوستانەکان لە تورکیاوە و بۆ سەڵتەنەی عوممان.