سەرۆک بارزانی: گەلی کوردستان ئەو راستییەی دووپاتکردەوە لە خۆشی و ناخۆشیدا پشت و پەنای یەکترن
ئەمڕۆ چوارشەممە، 04ـی شوباتی 2026، سەرۆک بارزانی، پەیامێکی لەبارەی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکارییەکان بۆ رۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە "زۆر سوپاسی هەموو هاووڵاتییانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم بۆ بە دەنگ هاتنی دڵسۆزانەیان، لە کۆکردنەوەی هاوکاری و یارمەتیدان بۆ خوشک و برایانمان لە رۆژئاوای کوردستان. ئەم هەڵوێستەیان مێژووییە و جێگەی شانازی و پێزانینە."
هەروەها سەرۆک بارزانی دەستخۆشی و سوپاسی تایبەتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هەموو ئەو رێکخراو و لایەن و کەسایەتی و میدیایانە دەکات کە "رۆڵیان هەبووە لە کۆکردنەوەی هاوکاری و پێداویستی و یارمەتییەکان بۆ خوشک و برایانمان لە رۆژئاوا، و هەوڵ و ماندووبوونەکانیان بەرز دەنرخێنم. ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیان بە باشترین شێوە ئەنجام دا."
سەرۆک بارزانی دووپاتی کردووەتەوە "ئەم هەڵوێستە کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی هەستی نیشتیمانپەروەری و هۆشیاریی نەتەوەیی بەجێدەهێڵێت. خەڵکی خۆشەویستی کوردستان جارێکی تر ئەو ڕاستییەیان بۆ هەموو جیهان دووپاتکردەوە کە گەلی کوردستان لە خۆشی و ناخۆشیدا هاوبەش و هاوخەم و پشت و پەنای یەکترن."