فەرمانبەرانی گرێبەست زەوییان پێدەدرێت
سەرۆکیی شارەوانیی هەولێر دەڵێت "بەفەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رەزامەندی لەسەر پێدانی زەوی بە فەرمانبەرانی گرێبەست دراوە"، ئاماژەی بەوەشکرد،"بە هەمان شێوازی فەرمانبەرانی هەمیشەیی، زەوی بە فەرمانبەرانی گڕێبەستیش دەدرێت".
چوارشەممە 4ـی کانوونی دووەمی 2026، کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای دەرچوونی فەرمانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە پێدانی زەوی بە فەرمانبەرانی گرێبەست، نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كراوە، جەختی لەوەکردەووە، هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی، زەوی بە فەرمانبەرانی گرێبەستیش دەدرێت.
سەرۆکی شارەوانیی هەولێر گوتیشی،" هەمان مەرج و رێکارەکانی هاتوو لە رێنمایی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان لە هەرێمی کوردستان ژمارە (2)ـی ساڵی (2024)ـی هەموارکراو، بەسەر فەرمانبەرانی گرێبەستیش جێبەجێ دەکرێت.
ئەم بڕیارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە کە بە شێوەی گرێبەست ساڵانێکە لە کەرتە جیاوازەکاندا خزمەت دەکەن کە ژمارەیان زیاتر لە 41 هەزار کەسە.
لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی بە مەرجێک ماوەی خزمەتییان کەمتر نەبێت لە 8 ساڵ خزمەتکردن.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.