بێریڤان ئایماز هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ پاراستنی گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بەرز دەنرخێنێت

رۆژی چوارشەممە، 4ـی شوباتی 2026، سەرۆك مەسعود بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە خاتوو بێریڤان ئایماز جێگری سەرۆکی پەرلەمانی (نۆردراین ڤێستڤاڵن)ـی ئەڵمانیا کرد.

لە دیدارەکەدا خاتوو بێریڤان ئایماز خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ سەردانی بۆ کوردستان و دیداری لەگەل سەرۆک بارزانی، هەروەها سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد کە لە رووداو و مەترسیەکانی ئەم دواییە کە خۆی کردە خاوەنی دۆزی کورد لە رۆژئاوا و هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ پاراستنی گەلی کورد لە رۆژئاوا بەرز نرخاند.

هەروەها سوپاسی دەزگای خێرخوازی بارزانی کرد لە یارمەتیدان و بەهاناوە چوونی لێقەوماوان لە رۆژئاوای کوردستان و هیوای خواست هەرێمی کوردستان رۆژ بە رۆژ بەهێزتربێت، بێریڤان ئایماز سوپاسی سەرۆك بارزانی کرد بۆ پاڵپشتیکردنی کاروباری دیاسپۆرای کورد لە دەرەوەی وڵات وەک هێزێکی کاریگەر و پشتیوانی دۆزی گەلی کوردستان.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنان، دەستخۆشی لە خاتوو بێریڤان ئایماز کرد کە بە هەوڵ و توانای خۆی توانیویەتی بگاتە پلەیەکی سیاسیی لە ئەڵمانیا و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، هەروەها رۆشنایی خستە سەر کاروباری دیاسپۆڕا و ئامۆژگاری و ڕێنوێنی پێویستی لەو بارەیەوە خستەڕوو، پەیوەست بەم باسە جەختی لە پێویستیی پاراستنی شوناس و زمانی کوردی لەناو کوردانی دەرەوەی وڵات کردەوە.

بارودۆخی رۆژئاوا و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.