بە دەستپێشخەریی مەسرور بارزانی خێزانێکی 6 کەسیی شنگال لە شێرپەنجە رزگاریان بوو

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

دوای ساڵێک لە ململانێیەکی سەخت لەگەڵ نەخۆشی، 6 ئەندامی خێزانێکی ئاوارەی شنگال کە لە کەمپەکانی دهۆک نیشتەجێ بوون، بە پشتیوانیی راستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە تەواوی لە نەخۆشیی شێرپەنجە چاک بوونەوە. 

ئەمڕۆ هەینی، ئەو خێزانە وەک گوزارشتێک لە خۆشی و سوپاسگوزاری بۆ چاکبوونەوەیان، نیوەڕۆخوانێکیان بۆ خزم و کەسوکاریان رێکخست.
چیرۆکی خێزانی عەبدوڵڵا خدر ساڵێک لەمەوبەر کاتێک دەستی پێ کرد کە پشکنینە پزیشکییەکان دەریانخست 6 ئەندامی خێزانەکە پێکەوە تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوون.

 دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەستبەجێ هاتە سەر هێڵ و وەزیری تەندروستیی ڕاسپارد کە بە زووترین کات و بە باشترین شێوە چارەسەری پێویست بۆ هەموو ئەندامانی ئەو خێزانە دابین بکەن. 

لەسەر ئەم بنەمایە، لە نەخۆشخانەی ئازادیی دهۆک تیمێکی پزیشکیی پسپۆڕ ئەرکی چارەسەرکردنیانی گرتە ئەستۆ و دوای زنجیرەیەک چارەسەری چڕ، ئێستا هەموویان بە تەواوی چاک بوونەتەوە.

تەحسین، کە خزمێکی نزیکی ئەو خێزانەیە، لە لێدوانێکدا بۆ مکوردستان24 باسی لەوە کرد، نەشتەرگەرییەکان بە راسپاردەی سەرۆکی حکوومەت ئەنجام دران و زۆر سەرکەوتوو بوون، بە جۆرێک کە ئەو 6 کەسەی لە مردنێکی حەتمی ڕزگار کرد.

 ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر بەهۆی زۆریی ژمارەی نەخۆشەکان و خراپیی باری داراییان، خێزانەکە هیچ ئومێدێکیان بە ژیان نەمابوو و تەنانەت منداڵەکانیان وایان دەزانی تەمەنیان هێندە کورتە کە ناگەنە رۆژی تەواوکردنی خوێندن، بەڵام هاوکارییەکانی سەرۆکوەزیران هەموو ئەو بێئومێدییانەی گۆڕی بۆ ژیانێکی نوێ.

جگە لە لایەنی تەندروستی، مەسرور بارزانی هەر لە سەرەتای پرۆسەکەوە ئەو خێزانەی لە ژیانی سەختی ژێر خێوەتەکانی کەمپ رزگار کرد و شوقەیەکی نیشتەجێبوونی پێ بەخشین، ئەمەش وای کرد دۆخی دەروونی و جەستەییان زووتر بەرەو باشتربوون بچێت.
ئەم هەنگاوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی زنجیرەیەک دەستپێشخەریی مرۆیی مەسرور بارزانیدایە بۆ هاوکاریکردنی ئاوارە و لێقەوماوان، بەتایبەت خەڵکی شنگال کە بەهۆی شەڕی داعشەوە دووچاری ئاوارەیی و نەهامەتیی زۆر بوونەتەوە، تێچووی چارەسەری شێرپەنجە کە بارگرانییەکی گەورەی داراییە، لە زۆر حاڵەتی لەم شێوەیەدا لەلایەن حکوومەت و سندوقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە دابین دەکرێت، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتییان بەبێ جیاوازی.