لافاو و گولـلـە کۆتایی بە ژیانی شەش هاووڵاتیی سووریا هێنا
توندوتیژی و کارەساتی سروشتی لە سووریا بووە هۆی گیانلەدەستدانی شەش هاووڵاتی و بێسەروشوێنبوونی چەندانی دیکە.
لە دوو رووداوی جیاوازدا لە باشوور و رۆژئاوای سووریا، شەش هاووڵاتی گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەکی دیکەش بریندار و بێسەروشوێن بوون، ئەمەش دۆخی ئەمنی و مرۆیی وڵاتەکەی خستووەتە بەردەم مەترسییەکی نوێوە.
تەقەکردن لە جووتیاران لە سوەیدا
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە گوندی "مەتونە"ـی سەر بە پارێزگای سوەیدا، هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی سەر بە حکوومەتی سووریا تەقەیان لە ژمارەیەک جووتیار کردووە. روانگەکە ئاشکرای کردووە، سەرەڕای ئەوەی دانیشتووان پێشوازییان لە هێزە ئەمنییەکان کردووە، بەڵام رووبەڕووی دەستڕێژی گولـلە بوونەتەوە.
لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، چوار جووتیار دەستبەجێ گیانیان لەدەست داوە و کەسێکیش بریندار بووە، هاوکات چارەنووسی سێ کەسی دیکە تا ئێستا نادیارە.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، ئەندامێکی ئیدارەی ئاسایشی ناوخۆ بە شێوەیەکی تاکەکەسی تەقەی لەو هاووڵاتییانە کردووە و لێکۆڵینەوەکان بۆ دەرخستنی راستیی رووداوەکە بەردەوامن.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە پارێزگای سوێدا ماوەیەکە بەدەست ئاڵۆزیی ئەمنی و ناڕەزایەتیی دانیشتووانەکەیەوە دەناڵێنێت و متمانەی نێوان خەڵک و دامودەزگاکانی حکوومەت لاواز بووە.
لافاو و زریان لە لازقییە و ئیدلب
هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییە ئەمنییەکان، شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و لافاو باکوور و رۆژئاوای سووریای گرتووەتەوە. ئیدارەی بەرگریی شارستانی رایگەیاندووە، بەهۆی بارانی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو لە چەند قەزایەکی پارێزگای لازقییە، دوو منداڵ گیانیان لەدەست داوە.
تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە پارێزگای ئیدلب دەستیان بە گواستنەوەی ژمارەیەک خێزان کردووە و لە ماڵەکانیانەوە بۆ ناو قوتابخانەکان گواستراونەتەوە بۆ ئەوەی پارێزراو بن.
بەرگریی شارستانی هۆشداریی داوەتە هاووڵاتییان لە نزیکبوونەوە لە رووبار، چەم، کانی و ناوچە نزمەکان، چونکە مەترسیی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هێشتا بەردەوامە.
شارەزایان هۆکاری زۆریی زیانەکان بۆ لاوازیی ژێرخانی ئاوەڕۆ و وێرانبوونی بەشێکی زۆری رێگەوبانەکان دەگەڕێننەوە، کە بەهۆی جەنگی ناوخۆ و بوومەلەرزەکەی سێ ساڵی رابردووەوە توانای بەرگەگرتنیان بۆ کارەساتە سروشتییەکان نەماوە.