بڕیارێک لەبارەی ئەو ئۆتۆمێلانەی هەززەیان نەکردووە دەرچوو
کۆمپانیای PVI بۆ پشکنینی هەززەی ساڵانەی ئۆتۆمبێل، ئاگادارییەکی گرنگ ئاراستەی سەرجەم شۆفێران و خاوەن ئۆتۆمبێلەکان لە هەرێمی کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت؛ لە پێناو پاراستنی سەلامەتی گیانی و ماڵیی هاووڵاتییان، سیستەمێکی نوێ بۆ وەرگرتنی کرێ و سزای دواکەوتنی پشکنینی تەکنیکی پەیڕەو دەکرێت.
بەگوێرەی نووسراوە فەرمییەکە، لە رۆژی یەکشەممە رێککەوتی 1ـی مارسی 2026، کارکردن بەم رێنماییە نوێیانە دەستپێدەکات و کرێی پشکنینی ساڵانە و سزای دواکەوتن بەگوێرەی کۆتا پشکنین کە بۆ ئۆتۆمبێلەکە ئەنجامدرابێت، بەم شێوەیەی خوارەوە هەژمار دەکرێت:
وردەکاری سزاکان و کرێی پشکنین:
1- ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە کاتی یاسایی خۆیاندا سەردان دەکەن، کرێی پشکنینیان وەک خۆی دەمێنێتەوە و هیچ بڕە پارەیەکی زیادەیان لێ وەرناگیرێت.
2- ئەو ئۆتۆمبێلانەی یەک ساڵ دواکەوتوون، جگە لە کرێی پشکنینی ئاسایی، بڕی سەدا 50ـی کرێی ساڵێکی پشکنین وەک سزا دەخرێتە سەر پارەکەیان.
3- ئەو ئۆتۆمبێلانەی بۆ ماوەی دوو ساڵ و زیاتر پشکنینیان نەکردووە، سزاکەیان قورستر دەبێت و بەم شێوەیە دەبێت:
کرێی پشکنینی ساڵی ئاسایی.
سەدا 50ـی کرێی پشکنین بۆ ساڵی یەکەمی دواکەوتن.
سەدا 100ـی کرێی پشکنین بۆ ساڵی دووەم و هەر ساڵێکی تری دواکەوتوو (واتە بۆ هەر ساڵێکی تری دواکەوتوو کرێی پشکنینەکە دوو هێندە دەبێت).
کۆمپانیای PVI ئاماژەی بەوە کردووە؛ ئەم هەنگاوە بۆ هاندانی شۆفێرانە تاوەکو ساڵانە و لە کاتی دیاریکراودا پشکنینی هونەری بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان بکەن، ئەمەش بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە توندوتۆڵی ئۆتۆمبێلەکان و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ.
لە کۆتاییدا، داوا لە سەرجەم شۆفێران دەکرێت پێش وادەی دیاریکراو سەردانی بنکەکانی پشکنین بکەن لە (هەولێر، دهۆک، سۆران، شەقڵاوە و ئاکرێ) بۆ ئەوەی دووچاری سزای دارایی نەبنەوە.
