هاتوچۆی هەولێر شۆفێرانی تەکسی ئاگادار دەکاتەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی شوباتی 2026، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا، سەرجەم شۆفێرانی تەکسی لە سنووری پارێزگای هەولێر ئاگادار دەکاتەوە کە لەمەودوا دەبێت رووناکی تەکسی ببەستن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی بەدواداچوون و چاودێری تیمەکانمان تێبینی کراوە، بەشێک لە شۆفێران پابەندی شوێن و شێوازی دانانی هێمای رووناکی تەکسی نەبوون، یان هێمایان دانەناوە یان لە شوێنی نەشیاو و جیاوازدا جێگیریان کردووە.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەشداوە، بۆ مەبەستی یەکخستنەوەی سیمای تەکسییەکان و رێکخستنی کارەکانیان، داواکارین پابەندی ئەم رێنماییانەی خوارەوە بن:

-پێویستە هێمای تەکسی تەنیا لەسەر سەقفی ئۆتۆمبێلەکە، بەتەواوی لە ناوەڕاستی نێوان دەرگای شۆفێر و دەرگای دواوەی شۆفێر جێگیر بکرێت.

-دەبێت هێماکە گڵۆپی رووناککەرەوەی تێدابێت بۆ ئەوەی لە شەواندا بە روونی ببینرێت، هەروەها، رەنگی گڵۆپەکە دەبێت تەنیا زەرد بێت و بەکارهێنانی هەر رەنگێکی تر قەدەغەیە.

-بە هیچ شێوەیەک نابێت هێمای تەکسی لەسەر جامی پێشەوە، جامی دواوە، یان لەسەر سندوقی ئۆتۆمبێل دابنرێت.

لە کۆتاییدا بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، هەر شۆفێرێک پابەندی ئەم رێنماییانە نەبێت، رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.