ئیلۆن مەسک: شار لەسەر مانگ و مەریخ دروست دەکەین

ئیلۆن مەسک، ملیاردێری ئەمریکی ئاشکرای کرد، کۆمپانیای "سپەیس ئێکس" سەرنجی خستووەتە سەر بونیادنانی شارێک لەسەر مانگ و دەڵێت "لە کەمتر لە 10 ساڵدا ئەو ئامانجە دەپێکین."

ئیلۆن مەسک لە رێگەی پۆستێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ پرۆژەکەی سەر مانگ، سپەیس ئێکس هەوڵی بونیادنانی شارێکی دیکە لەسەر هەسارەی مەریخیش دەدات و بڕیارە لە ماوەی 5 بۆ 7 ساڵی داهاتوودا دەست بەو پرۆژەیە بکرێت، لەگەڵ ئەمەشدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە کاری هەرە لەپێشینە، پاراستنی داهاتووی شارستانیەتی مرۆڤایەتییە و مانگیش خێراترین رێگەیە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردەوە، سپەیس ئێکس بە وەبەرهێنەرانی راگەیاندووە کە سەرەتا سەرنج دەخەنە سەر گەیشتن بە مانگ و دواتر هەوڵی گەشتکردن بۆ مەریخ دەدەن، بە شێوەیەک لە مانگی ئاداری 2027دا یەکەم گەشتی بێ سەرنشین بۆ سەر مانگ ئەنجام بدەن.

ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی رابردوو مەسک رایگەیاندبوو، ئامانجیانە تا کۆتایی ئەمساڵ گەشتێکی بێ سەرنشین بۆ مەریخ رەوانە بکەن.

ئێستا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رکابەرییەکی تونددایە لەگەڵ چین بۆ گەڕاندنەوەی کەشتیوانان بۆ سەر مانگ، کە لە دوای کۆتا گەشتی بەرنامەی "ئەپۆلۆ"ی ئەمریکی لە ساڵی 1972ـەوە، هیچ مرۆڤێک پێی لەسەر رووی مانگ دانەناوە.

لێدوانەکانی مەسک دوای ئەوە دێن، کۆمپانیای سپەیس ئێکس رەزامەندی دەربڕی بۆ کڕینی کۆمپانیای "xAI" لە گرێبەستێکی مێژووییدا، کە تێیدا کۆمپانیای دروستکردنی مووشەک و مانگە دەستکردەکان لەگەڵ کۆمپانیایەکی ژیریی دەستکرد یەک دەگرن کە بەرهەمهێنەری رۆبۆتی چاتی "گروک"ـە.

بە گوێرەی خەمڵاندنەکان، بەهای کۆمپانیای یەکەم (سپەیس ئێکس) بە یەک تریلیۆن دۆلار و بەهای کۆمپانیای دووەم (xAI) بە 250 ملیار دۆلار دیاری کراوە.

ئیلۆن مەسک لە ساڵی 2002 کۆمپانیای سپەیس ئێکسی دامەزراند، بە ئامانجی سەرەکیی کەمکردنەوەی تێچووی گەشتە ئاسمانییەکان و ئاسانکاری بۆ نیشتەجێکردنی مرۆڤ لەسەر مەریخ و هەسارەکانی دیکە. بۆ ئەو مەبەستەش، کۆمپانیاکە لە چەند ساڵی رابردوودا سەرقاڵی پەرەپێدان و تاقیکردنەوەی مووشەکی زەبەلاحی "ستارشیپ" بووە، کە تایبەتە بە هەڵگرتنی مرۆڤ و کەلوپەل بۆ قووڵایی بۆشایی ئاسمان.

هاوکات، ئاژانسی ئاسمانیی ئەمریکا (ناسا) گرێبەستی لەگەڵ سپەیس ئێکس واژۆ کردووە بۆ بەکارهێنانی کەشتییەکانی ئەو کۆمپانیایە لە چوارچێوەی بەرنامەی "ئارتێمیس"، کە ئامانج لێی گەڕاندنەوەی مرۆڤە بۆ سەر رووی مانگ و بونیادنانی بنکەیەکی هەمیشەییە لەسەری.

لە لایەکی دیکەشەوە، تێکەڵکردنی تواناکانی کۆمپانیای ژیریی دەستکردی "xAI" (کە مەسک لە ساڵی 2023 دایمەزراندووە) لەگەڵ سپەیس ئێکس، وەک هەنگاوێکی ستراتیژیی مەسک سەیر دەکرێت بۆ یەکخستنی ئیمپراتۆریەتە تەکنەلۆژییەکەی، تاوەکو سوود لە ژیریی دەستکرد وەربگرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکانی بۆشایی ئاسمان و خێراترکردنی پڕۆژە گەردوونییەکانی.