پەیامنێری کوردستان24: بازگەی مەخموور بەڕووی هاتووچۆی هاووڵاتییان و بازرگانی داخراوە
بازگەی مەخموور بە تەواوی داخراوە، پەیامنێری کوردستان24، رایگەیاند: تاوەکوو ئێستا هۆکاری داخستنی بازگەکە ئاشکرا نەکراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی شوباتی 2026، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند: بازگەی مەخموور بەڕووی هاتووچۆی هاووڵاتییان و بازرگانی داخراوە.
پەیامنێری کوردستان24، گوتی: بازگەکە بە تەواوی داخراوە و تاوەکوو ئێستا هۆکاری داخستنی بازگەکە ئاشکرا نەکراوە.
شۆفێرێکی بارهەڵگر بە کوردستان24ـی گوت:چەند رۆژێکە گرفتمان بۆ دروست دەکەن، بەڵام بازگەکەیان لەسەر ئێمە دانەخستبوو، ئەمڕۆ بە تەواوی لەسەر ئێمە داخراوە و لە بەیانییەوە رێگە نادەن هیچ کەلوپەلێک بگوازینەوە، بەشی زۆریان خواردن و خواردنەوەی مارکێت و دوکانەکانی ناو گەڕەک و کۆلانەکانن، واتە پێداویستی زۆر سەرەتایین.
شۆفێرێکی دیکە ئاماژەی بەوە دا، سەرەتا گوتیان نابێت کەلوپەل بە بارهەڵگری کیا بگوازنەوە بەڵکوو دەبێت لە پیکاب باریبکەن، هەربۆیە تەواوی کەلوپەلەکانیان بە پیکاب گواستەوە، بەڵام ئەمجارەش قبووڵیان نەکرد و بیانوویان دروستکرد، تەنانەت رێگە نادەن سەوزە و میوەش بگوازنەوە.