عراقچی: ویتکۆف و کۆشنەر هەوڵی رێگری لە جەنگ دەدەن
وەزیری دەرەوەی ئێران، لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچەکە، جیاوازییەکی روون لە نێوان هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نێردەکانی ئەمریکا و سیاسەتەکانی ئیسرائیل دەکات.
سێشەممە، 10ـی شوباتی 2026، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە دۆخی هەستیاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆڵی لایەنە جیاوازەکان خستە روو.
عراقچی بە توندی هێرشی کردە سەر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و بەوە تۆمەتباری کرد کە "لایەنگری جەنگە و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی ئەمریکا پەلکێشی نێو ئەو جەنگە بکات".
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، ناتانیاهۆ کەسێکە کە "نە ئاشتیی خۆش دەوێت و باوەڕی بە رێگاچارەی دیپلۆماسی هەیە."
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، عراقچی ئاماژەی بە رۆڵی نێردە و بەرپرسانی ئەمریکی، بە تایبەتی (ستیڤ ویتکۆف و جارێد کۆشنەر) کرد و رایگەیاند: "ئەو دوو بەرپرسە کار لەسەر دۆزینەوەی چارەیەکی دیپلۆماسی و رێگریکردن لە فراوانبوونی جەنگ دەکەن."
سەبارەت بە هەڵوێستی فەرمیی تارانیش بەرانبەر بەو هەوڵانە، عراقچی پەیامێکی روونی ئاڕاستەی واشنتن کرد و گوتی: "ئەگەر لایەنی ئەمریکی رژد بێت لە دۆزینەوەی چارەیەکی دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان، ئەوا ئێمەش بە هەمان شێوە رژدین و ئامادەیین."
ئەم لێدوانەی عراقچی وەک ئاماژەیەک دەبینرێت بۆ ئەوەی کە تاران دەرگای گفتوگۆی دانەخستووە، بە مەرجێک ویستی راستەقینە لە لایەن بەرانبەرەوە هەبێت، هاوکات هەوڵ دەدات بەرپرسیارێتیی هەر پەرەسەندنێکی سەربازی بخاتە ئەستۆی حکوومەتی ئیسرائیل.
ئەمەش لە کاتێکدایە عەلی لاریجانی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە لێدوانێکدا رایگەیاندبوو، پێویستە لایەنی ئەمریکی زۆر وریا و بەئاگا بێت لەو رۆڵە وێرانکەر و تێکدەرەی کە ئیسرائیلییەکان دەیگێڕن".
هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە دابوو، بیر لە ناردنی دووەم گرووپی کەشتیی فڕۆکەهەڵگر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتەوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران.
باسی لەوەش کردبوو، یان لەگەڵ ئێران دەگەینە رێککەوتن، یان دەبێت هەنگاوێکی زۆر توند بنێین وەک جارەکەی پێشوو.