مەسرور بارزانی و باڵیۆزی ئەرمینیا جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان دەکەنەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی شوباتی 2026، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ڕۆبین سۆگۆیان باڵیۆزی ئەرمینیا لە عێراق کرد.

بە گوێرەی راگەیەنراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا جەخت لە گرنگیی برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەرمینیا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کرایەوە و ئاماژە بە کۆبوونەوە و دیدارەکانی سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی داڤۆس درا.

لای خۆیەوە، باڵیۆزی ئەرمینیا پيزانینی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی مافەکانی پێکهاتەی ئەرمەن لە هەرێمی کوردستان دەربڕی .

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا ، بیروڕا لەبارەی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو کەرتەکان لەپێناو بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووری، هەروەها دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی گشتیی عێراق و هەوڵ و گفتوگۆکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، ئاڵوگۆڕ کرا .