پەرلەمانی ئێران سزایەکی 10 هەزار یۆرۆیی بەسەر خەڵکی بیانی پەسند کرد
پەرلەمانی ئێران یاسای سزادانی خەڵکی بیانی لە وڵاتەکە پەسند کرد و بە گوێرەی یاساکە، هەر هاووڵاتییەکی بیانی بە نایاسایی بچێتە ئێران یان بە نایاسایی لەو وڵاتە بمێنێتەوە، بە پێبژاردنی 10 هەزار یۆرۆ سزا دەدرێت.
یاسا نۆییەکەی ئێران لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە پەرلەمانی وڵاتەکە دەنگی پێدراوە و بڕیارەکە لە چوارچێوەی یاسای بەرەنگاربوونەوە یان دزەکردنی دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکان لەلایەن پەرلەمانتارانەوە پەسندکراوە.
بە گوێرەی میدیاکانی ئێران، ئەنجوومەنی شورای ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ دەنگیان بە هەمواری ماددەی 23ـی دەستووری وڵاتەکەدا، کە چوارچێوەی یاسایی بۆ سەردانی خەڵکی بیانی و مانەوەی لە خاکی ئێراندا دیاری کردووە، پاساوی هەموارەکەشیان بۆ رێکخستنەوەی رێکارە یاسایی و کارگێڕێیەکانی نیشینگەی خەڵکانی بیانی و نوێکردنەوەی تۆمارە بایۆمەترییەکان گەڕاندووەتەوە، بە پێچەوانەوە هەر بیانییەک پابەندی یاسا نوێیەکە نەبێت، بە پێبژاردنی سزایەکی ماددی سزا دەدرێت کە زۆرترین بڕی 10 هەزار یۆرۆیە و دواتر لە خاکی ئێران دەردەکرێت، ئەمەش بە بڕیاری دەسەڵاتی دادوەری دەبێت.
هەروەها بڕیار دراوە، ئەو هاووڵاتییە بیانییانەی بەشێوەیەکی یاسایی چوونەتە ئێران، لە ئەگەری هەر جۆرە هەنگاوێک دژی ئاسایشی نەتەوەیی، پێشێلکردنی یاسا بەرکارەکانی ئێران یان کارێک پێچەوانەی ئەو کۆتوبەندانە بێت کە لە ڤیزە یان مۆڵەتی نیشینگەکەی هاتووە، سزا ماددیەکە و دەرکردن دەیگرێتەوە.
بە دەر لە پەسندکردنی هەمواری ماددەی 23ـی دەستووری ئێران، تاوتوێی پرۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی دزەکردنی دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکان لە پەرلەمانی ئێران بەردەوامە.