ئەمڕۆ کۆنفرانسی ئاسایشیی میونشن بەڕێوە دەچێت
مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە ئەڵمانیا و بڕیارە بەشداری کۆنفرانسی ئاسایشیی میونشن بکات، ئامانجی سەردانەکەی جەختکردنەوەیە لە فشارەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام پێشبینی دەکرێت شێوازی قسەکردنی ئەمریکا ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو و نەرم و نیانتر بێت.
ئەجێندای کۆنفرانسی ئاسایشیی میونشن
کۆنفرانسی میونشن ئەمڕۆ هەینی 13 – 15ـی شوباتی 2026، بەردەوام دەبێت و چەند رۆژێک پێش کردنەوەی "ئەنجوومەنی ئاشتی" دێت، کە ترەمپ وەک دامەزراوەیەکی هاوتای نەتەوە یەکگرتووەکان دروستی دەکات.
پێشبینی دەکرێت ئەجێندا سەرەکییەکانی کۆنفرانسی میونشن، جیا لە ئاسایشیی جیهان، پرسی گرینلاند، جەنگی ئۆکرانیا، پەیوەندییەکان لەگەڵ رووسیا و هەژموونی ئەمنی ئەمریکا بەسەر گفتوگۆکاندا زاڵ بێت.
جیاوازیی ئەمساڵ و ساڵی رابردوو
لە کۆنفرانسی ساڵی رابردوودا، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە لێدوانە توندەکانی و رەخنەگرتن لە ئازادیی رادەربڕین لە ئەوروپا، ئامادەبووانی کۆنفرانسی ئاسایشیی میونشن تووشی سەرسوڕمان کرد، قسەکانی دی ڤانس لەگەڵ بۆچوونی هێزە راستڕەوە توندڕەوەکانی ئەوروپا یەکانەگیر بوو، بە تایبەت لە پرسی کۆچبەراندا.
بەڵام ئەمساڵ روبیۆ لە جیاتی جەی دی ڤانس سەرۆکایەتیی شاندی ئەمریکا بۆ کۆنفرانسی میونشن دەکات، ئەویش بە کەسایەتییەکی نەرمتر ناسراوە، بەڵام بەشداربوونی روبیۆ بە مانای گۆڕانی سیاسەتی ئەمریکا نایەت، بەڵکو واشنتن سوورە لەسەر برەودان بە بەرژەوەندییەکانی، تەنانەت ئەگەر دڵی هاوپەیمانە ئەوروپییەکانیشی بڕەنجێنێت.
مارکۆ روبیۆ بەر لەوەی واشنتن بەرەو میونش جێبهێڵێت رایگەیاند، پێویستە لەگەڵ ئەوروپییەکان بە راشکاوانە قسە بکرێت.
دانوستانی ئەمریکا - ئەوروپا لە نێوان گومان و متمانە و پرسی گرینلاند
لەو کاتەوەی ترەمپ گەڕاوەتەوە دەسەڵات، ئەوروپای خستووەتە ژێر رەخنەکانی و پێیوایە یەکێتیی ئەوروپا تەنیا بۆ فێڵ و فریودانی ئەمریکا دامەزراوە، ئەمەش لە ستراتیژیی نوێی ئاسایشی نەتەوەییدا رەنگیداوەتەوە کە تێیدا هۆشداری دەدات لەوەی ئەوروپییەکان بەرەو پووکانەوەی شارستانی دەچن.
سەردانەکەی روبیۆ لە کاتێکدایە کە متمانەی نێوان هەردوولا بەهۆی داواکەی ترەمپ بۆ دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی گرینلاندی دانیمارکەوە، تووشی قەیرانێکی گەورە بووە. هەرچەندە ترەمپ لەو قسەیە پاشگەز بووەتەوە، بەڵام دیپلۆماتکاران دەڵێن زیانەکە درێژخایەنە، چونکە پێشینەی نەبووە وڵاتێکی ناتۆ چاوی لە خاکی وڵاتێکی دیکەی هاوپەیمانی بێت. فیلیپ گۆردۆن لە پەیمانگەی بروکینگز دەڵێت: "ترەمپ ئەوروپای یەکگرتوو وەک هاوبەش نابینێت، بەڵکو وەک هەڕەشە سەیری دەکات."
بڕیارە لە دوای کۆنفرانسی ئاسایشیی میونشن، مارکۆ روبیۆ سەردانی سلۆڤاکیا و دواتر بچێتە بوداپێست بۆ گەیاندنی پەیامی پشتیوانی ترەمپ بۆ ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا. ترەمپ ئەو وڵاتانەی کە پارتە راستڕەوەکان بەڕێوەی دەبەن، بە نزیکترین هاوپەیمانیی خۆی و نموونەی سەرکەوتوو دەزانێت.