لە زیقار قەیرانی بەنزین سەرهەڵدەداتەوە

کەمبوونەوەی سووتەمەنی و بەتایبەت بەنزین لە پارێزگای زیقار، بووەتە هۆی دروستبوونی قەیران و پەککەوتنی کاری رۆژانەی هاووڵاتییان. شۆفێران چەندین کاتژمێر لەبەردەم بەنزینخانەکاندا دەوەستن و حکوومەتی خۆجێی پارێزگاکەش هۆکارەکەی بۆ کەمکردنەوەی پشکی زیقار لەلایەن ناوەندەوە دەگەڕێنێتەوە.

بەهۆی کەمبوونەوەی بەنزین، قەرەباڵغییەکی بێشوومار لەبەردەم بەنزینخانەکانی شاری ناسریە دروست بووە. ئەم دۆخە کاریگەری راستەوخۆی کردووەتە سەر ئەو هاووڵاتییانەی کە بژێوی ژیانیان لەسەر ئۆتۆمبێلی تەکسی و پاسەکانە. شۆفێرانی ناوچەکە دەڵێن؛ زۆربەی کاتی رۆژەکەیان لە سەرەی بەنزیندا بەفیڕۆ دەچێت و زۆرینەی جارانیش دوای چاوەڕوانییەکی زۆر، سووتەمەنییان دەستناکەوێت.

یەکێک لە شۆفێرانی ناسریا لەوبارەیەوە دەڵێت: "بەشی ناسریە لە بەنزین زۆر کەمە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەم قەیرانەمان هەیە. خەڵک بۆ ماوەیەکی درێژ لەبەردەم بەنزینخانەکان دەوەستن و هەندێک جار بەنزینەکە تەواو دەبێت و پێمان ناگات."

بەگوێرەی زانیارییەکانی حکوومەتی خۆجێی زیقار، دوای ئەوەی هاوردەکردنی بەنزین لە دەرەوەی وڵات قەدەغە کرا، پارێزگاکە بەتەواوی پشتی بە بەرهەمی ناوخۆیی و بەنزینی بەسرە بەستووە. بەڵام پشکی رۆژانەی پارێزگاکە بە رێژەیەکی بەرچاو کەمکراوەتەوە.

بەرپرسانی پارێزگاکە ئاماژە بەوە دەکەن کە پشکی زیقار لە یەک ملیۆن و 500 هەزار لیترەوە بۆ یەک ملیۆن و 200 هەزار لیتر کەمبووەتەوە، ئەم کەمبوونەوەیەش کە نزیکەی 300 هەزار لیترە لە رۆژێکدا، بووەتە هۆی دروستبوونی ئەو بۆشاییە گەورەیە و سەرهەڵدانی قەیرانەکە.

ئێستا ئیدارەی پارێزگای زیقار لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی زیقار و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هێڵدان بۆ ئەوەی پشکی پارێزگاکە بۆ بڕی پێشووی زیاد بکرێتەوە. لیژنەیەکی تایبەت پێکهێنراوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ پاڵاوگەکانی بەسرە بە مەبەستی دابینکردنی بڕی پێویستی سووتەمەنی بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە.

هاووڵاتییانی زیقار بەدەست چەندین کێشەی خزمەتگوزارییەوە گرفتارن، داوا دەکەن حکوومەتی ناوەندیی و وەزارەتی نەوت بەپەلە بێنە سەر هێڵ، چونکە بەردەوامیی ئەم قەیرانە نەک هەر کەرتی گواستنەوە، بەڵکو بازاڕ و نرخی کاڵاکانیش گران دەکات.