تاران: سێشەممە بە نێوەندگیریی عوممان دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ واشنتن دەست پێدەکەین
عراقچی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی دیپلۆماسی بۆ گەڕی دووەمی دانوستانەکان دەچێتە سویسرا
وەزارەتی دەرەوەی رایگەیاند، بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو گەڕی دووەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئەمریکا بەڕێوە بچن. بەۆ مەبەستەش عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا بەرەو سویسرا بە رێ کەوتووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی شوباتی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: دانوستانە ئەتۆمییە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ واشنتن رۆژی سێشەممەی داهاتوو بە نێوەندگیری و هەوڵەکانی سەڵتەنەتی عوممان لە سویسرا بەڕێوە دەچن.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوە، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی دیپلۆماسی، بەرەو جنێڤی پایتەختی سویسرا بە رێ کەوتووە بە مەبەستی ئەنجامدانی گەڕی دووەمی دانوستانە ئەتۆمییەکان".
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، روونی کردووەتەوە، کە عراقچی لە شاری جنێڤ، لەگەڵ هاوتا سویسری، عومانییەکەی و بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کۆدەبێتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە هەینی، 6ـی شوباتی 2026، گەڕێکی دانوستانە ئەتۆمییە ناڕاستەوخۆکان، لە نێوان شاندە باڵاکانی ئێران و ئەمەریکا لە مەسقەتی پایتەختی سەڵتەنەی عوممان، بەڕێوە چوون.
وەزیری دەرەوەی ئێران، لەو بارەیەوە بە رۆژنامەنووسانی گوتوبوو: لە کەشێک زۆر باشدا باس لە ماف و بەرژەوەندییەکانی ئێمە کرا، هەروەها گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەمریکا ئەرێنی بوون.
هاوکات جەختی لەوە کردبووەوە، بە شێوەکی گشتی ئەم گەڕەی دانوستان دەستپێکێکی باش بوو، بەڵام پێویستە بگەڕێنەوە تاران بۆ ئەوەی قسە بکەین لەسەر چۆنییەتی بەردەوام بوون لە دانوستانەکان.
عراقچی، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستبووە روو، هەموو نیگەرانییەکان و بەرژەوەنیدیەکانی گەلی ئێرانمان ئاراستەی لایەنی بەرانبەر کردووە، هەروەها هەموو دید و بۆچوونەکانی لایەنی بەرانبەر (ئەمریکا)ـمان وەرگرتووە.