مەسعود پزیشکیان: دوژمنانمان فشارە ئابوورییەکانیان زیاد کردووە

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە نوێترین لێدوانیدا دانی بەوەدا نا کە وڵاتەکەی ڕووبەڕووی فشارێکی دەرەکی توند بووەتەوە و ئەمەش کاریگەرییەکی خراپی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان دروست کردووە

یەکشەممە 15ـی شوباتی 2026، مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لەژێر فشارێکی چڕی ئابووریی دەرەکی دایە و هۆشداریشی دا کە نەیارانیان دەیانەوێت لە ڕێگەی خراپکردنی بژێوی خەڵکەوە، شەپۆلێکی تووڕەیی و ناڕەزایەتی دژی بەرپرسانی دەسەڵات لە ناوخۆی ئێراندا دروست بکەن.

مەسعود پزیشکیان ئاماژەی بەوە کرد، هاووڵاتییانی ئێران ئێستا بەدەست دۆخێکی زۆر خراپی گوزەران و بژێوییەوە دەناڵێنن. جەختی کردەوە کە "دوژمنانی ئێران" فشاری ئابووریی و گەمارۆکانیان بۆ سەر تاران زیاد کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی تەنگژەی دارایی و بارگرانی بۆ سەر شانی خەڵک.

سەرۆککۆماری ئێران باسی لەوەش کرد کە ئامانجی سەرەکیی ئەو فشارانە تەنیا ئابووری نییە، بەڵکوو مەبەست لێی دروستکردنی بۆشاییە لە نێوان گەل و دەسەڵاتدا. گوتیشی: "دوژمنانمان دەیانەوێت دۆخێکی وەها لە تووڕەیی لای خەڵک دروست بکەن کە ئاراستەکەی دژی بەرپرسانی وڵات بێت"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هەوڵە دەرەکییەکان بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوخۆیی ئێران.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ شەممە 14ـی شوباتی 2026، بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی کە لە زاری دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکاوە بڵاوی کردبووەوە، ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەیاندا لە کۆشکی سپی، لەسەر پلانێکی نوێ رێککەوتوون بۆ زیادکردنی گوشارە ئابوورییەکانی سەر ئێران، بەتایبەتی لە کەرتی فرۆشتنی نەوت بە چین.