ئیلۆن مەسک ژیریی دەستکرد دەباتە بۆشایی ئاسمان و 1.25 تریلیۆن دۆلاری بۆ تەرخان دەکات
ئیلۆن مەسک پلانی بودجەیەکی 1.25 ترلیۆن دۆلاری بۆ گواستنەوەی بنکەکانی داتای ژیریی دەستکرد بۆ بۆشایی ئاسمان دادەڕێژێت، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی وزە و دابینکردنی ژینگەیەکی گونجاوتر بۆ کارپێکردنی سیستمە ئاڵۆزەکانی تەکنەلۆژیا.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز"ی بەریتانی، ئیلۆن مەسک، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان، گرەو لەسەر ئەوە دەکات کە داهاتووی ژیریی دەستکرد لەسەر زەوی نییە، بەڵکو لە خولگەی زەویدایە. مەسک دەیەوێت لە رێگەی یەکخستنی کۆمپانیای SpaceX و کۆمپانیا نوێیەکەی xAI، ژێرخانێکی گەورەی تەکنەلۆژی لە بۆشایی ئاسمان دروست بکات.
ئەم ملیاردێرە تەکنەلۆژییە کە بە نیازە ئەمساڵ پشکەکانی کۆمپانیا نوێیەکەی بخاتە بازاڕەوە، رایگەیاندووە کە بەکارهێنانی ئاسۆیەکی فراوانی مانگی دەستکرد کە بە وزەی خۆر کاردەکەن و لە رێگەی بۆشایی ئاسمانەوە سارد دەکرێنەوە، هەرزانترین رێگە دەبێت بۆ بەرهەمهێنانی هێزی حیسابکاری (Computing power) بۆ ژیریی دەستکرد. مەسک پێشبینی دەکات ئەم پرۆژەیە لە سێ ساڵی داهاتوودا بێتە دی.
هەرچەندە هەندێک لە پسپۆڕان و وەبەرهێنەران پێیان وایە خشتەی کاتیی مەسک "زۆر خەیاڵییە"، بەڵام زۆرینەیان هاوڕان کە بنەمای بیرۆکەکە لۆژیکییە. وێڵ مارشاڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی کۆمپانیای "پلانێت" دەڵێت: "ئەمە تەنیا شتێکی بریقەدار نییە مەسک دایمەزراندبێت، بەڵکو پڕۆژەیەکە کە کاتی هاتووە ئەنجام بدرێت."
گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە ژێرخانی جیهانی
عاسم جەلال، راوێژکاری تەکنەلۆژیا لە کۆمپانیای G&K، ئاماژەی بەوە کردووە کە پلانی SpaceX بۆ رەوانەکردنی نزیکەی ملیۆنێک مانگی دەستکرد، وەرچەرخانێکی ریشەیی دەبێت. دەشڵێت: بنکەکانی داتا لە بۆشایی ئاسماندا چارەسەرێکی نوێیە بۆ قەیرانی وزە، چونکە دەستگەیشتن بە وزەی خۆر لەوێ بێ سنوورە و فشار لەسەر تۆڕەکانی کارەبای سەر زەوی دروست ناکات.
لەبارەی ئاستەنگە تەکنیکییەکانیشەوە، جەلال روونی دەکاتەوە کە گەورەترین ئاڵنگاریی تەنیا هەڵدانی موشەکەکان نییە، بەڵکو دروستکردنی سیستمی ساردکردنەوەی کارایە. چونکە بۆشایی ئاسمان گەرمی لە ناو تەنەکاندا قەتیس دەکات، ئەمەش پێویستی بە پەرەپێدانی رادێتەری (Radiator) زەبەلاح و چەماوە هەیە کە بتوانن گەرمییەکە لە رێگەی تیشکی ژێر سوورەوە بۆ دەرەوە بپڕژێنن.
لە کۆتاییدا، کۆمپانیای SpaceX بەهۆی هەبوونی موشەکی "ستارشیپ" و تۆڕی "ستارلینک" کە زیاتر لە 9,600 مانگی دەستکردی چالاکی هەیە، وەک تەنیا کۆمپانیا دەبینرێت کە ئێستا توانای جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی لەم شێوەیە گەورەی هەبێت. مەسکیش پێی وایە لە ماوەی 30 بۆ 36 مانگی داهاتوودا، بۆشایی ئاسمان دەبێتە گونجاوترین شوێن لە رووی ئابوورییەوە بۆ کارپێکردنی ژیریی دەستکرد.