لیندزی گراهام: خەڵکی ئێران بۆ ژیانێکی باشتر رژاونەتە سەر شەقامەکان
سیناتۆرێکی کۆمارییەکان لە ئیسرائیلەوە رایگەیاند، خەڵکی ئێران بۆ ژیانێکی باشتر رژاونەتە سەر شەقامەکان و زیاتر لە 30 هەزار کەسیان لێ کوژراوە، جەختیشی کردەوە کە ترەمپ لەم هەفتانەدا بڕیار لەسەر گرتنەبەری ڕێگای دیپلۆماسی یان سەربازی دژی تاران دەدات.
ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی شوباتی 2026، لیندزی گراهام، سیناتۆری دیاری کۆمارییەکانی ئەمریکا لە تەلئەڤیڤەوە پەیامێکی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند، لە دوای ساڵی 1979ـەوە، ئێران لە لاوازترین خاڵی خۆیدایە.
گراهام گوتیشی: سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران هیچ جیاوازییەک لە نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل نییە، ئاماژەشی دا، هاتووم دڵنیایی بدەمە خەڵکی ئیسرائیل کە هیچ کەلێنێک لە نێوان ترەمپ و ناتانیاهۆ نییە لەسەر ئەوەی چی بکرێت و چۆن بکرێت.
سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، گراهام ئاماژەی بە دوو بژاردە کرد، ئەوانیش؛ هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی رێگایەک بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئێران بە شێوەیەکی دیپلۆماسی کە بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بپارێزێت یانیش لە رێگەی بژاردەی سەربازی، کە وەک ئەگەرێک لە ئارادایە.
گوتیشی: پێموایە ترەمپ سەیری ئەوە دەکات کام لەم دوو رێگایە دەتوانێت باشترین ئەنجامی هەبێت، لە لە چەند هەفتەیەکدا بڕیاری یەکلاکەرەوە لەو بارەیەوە دەدرێت.
لیندزی گراهام سەبارەت بە دۆخی ئێستای ئێران باسی لەوە کرد، کەرتی ئابوورییەکەیان داڕماوە، سوپاکەیان تووشی دابەزین بووە و خەڵکی ئێران لە شەقامەکانن و داوای کۆتاییهێنان بە ستەم دەکەن.
گراهام ئاماژەی بەوەدا کە خەڵکی ئێران بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لەسەر شەقام نین، بەڵکوو بۆ ژیانێکی باشتر خۆپیشاندان دەکەن و ئاشکراشی کرد، لەو خۆپیشاندانانەدا زیاتر لە 30 هەزار کەس کوژراون و وڵاتەکە لەسەر ئاستی ناوچەکەش تووشی لاوازی بووە.