بەڵێندەرانی بەغدا: ستەممان لێ دەکرێت و حکوومەتیش وەڵاممان ناداتەوە

ژمارەیەک لە بەڵێندەران و خاوەنکارەکان لە بەغدا، دژی راگرتنی کارەکانیان و پێشێلکردنی مافەکانیان لە یەکێک لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون گردبوونەوە؛ بەشێکیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن و داوای گەڕاندنەوەی مافەکانیان دەکەن.

بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی سەیف عەلی، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، کێشەی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە پایتەختی عێراق تەنیا گرانیی نرخ و دواکەوتن نییە، بەڵکو هەژموونی لایەنە دەستڕۆیشتووەکان بووەتە ئاستەنگ لە بەردەم تەواوکردنی بەشێک لە پڕۆژەکان.

بەڵێندەرەکان ئاماژە بەوە دەدەن، لە پڕۆژەی "شەناشیل" لە ناوچەی دۆرەی شاری بەغدا، ستەمیان لێ کراوە و رێگەیان پێنادرێت کارەکانیان تەواو بکەن.

سەرهەد خالید، یەکێکە لەو بەڵێندەرانەی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و لە خۆپیشاندانەکەدا بەشداریی کردبوو، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "لە کاتژمێرێکی دیاریکراودا هاتن و کارەکەیان پێ راگرتین، بەبێ هیچ پاساوێک ئەندازیار و بەڵێندەر و کرێکارەکانیان کردە دەرەوە."

سەرهەد خالید گوتیشی: "تەواوی کەلوپەل و ئامێرەکانمان دەستی بەسەردا گیراوە و لەناو پڕۆژەکەدا ماونەتەوە، ئەو پارەیەی خەرجیشمان کردووە تێیدا چووە و تا ئێستا هیچ لایەنێک وەڵامی نەداوینەتەوە و چارەنووسمان دیار نییە."

لە کاتی راگرتنی کارەکانی پڕۆژەکەوە، هەموو هەوڵەکان بۆ دەستپێکردنەوەی کارکردن شکستیان هێناوە؛ بەڵێندەرەکان جەخت دەکەنەوە نە قەرەبوو کراونەتەوە، نە رێگەشیان پێ دەدرێت کارەکانیان تەواو بکەن.

لەلایەکی دیکەوە شاخەوان ئەحمەد، بەڵێندەرێکی دیکەی بەشداربووی گردبوونەوەکەیە و دەڵێت: "بڕە پارەیەکی زۆرمان لەلای ئەو کۆمپانیایە ماوەتەوە، سکاڵامان لە دادگا تۆمار کردووە و لایەنە حکوومییەکانمان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا کەس بەدەممانەوە نەهاتووە."

بە گوتەی پەیامنێری کوردستان24، ئەم کێشەیە تەنیا ڕووبەڕووی پڕۆژەی شەناشیل نەبووەتەوە، بەڵکو بەشێکی زۆر لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە بەغدا بەدەست کێشەی خزمەتگوزاری، دواکەوتنی وادەی ڕادەستکردن و دەستوەردانی دەرەکییەوە دەناڵێنن.