ئێران بەشێکی گەرووی هورمز دادەخات.. "ئامادەین بە هەفتە لە جنێڤ بمێنینەوە"

هێزی دەریایی ئێران لە گەرووی هورمز (ئەرشیف)
هێزی دەریایی ئێران لە گەرووی هورمز (ئەرشیف)

هاوکات لەگەڵ دانوستانە ئەتۆمییەکان، ئێران بە مانۆڕی سەربازی هەڕەشەی داخستنی تەواوەتی گەرووی هورمز دەکات.

 لە کاتێکدا دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە جنێڤ گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار، تاران پەیامێکی دوولایەنە دەنێرێت؛ لەلایەک جەخت لە "نیازپاکی و جددییەت" لە گفتوگۆکاندا دەکاتەوە و لەلایەکی دیکەشەوە، لە رێگەی مانۆڕی سەربازییەوە، هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی ستراتیژی دەکات. 

داخستنی گەرووی هورمز

ئاژانسی هەواڵی "فارس"ی ئێرانی رایگەیاند، گەرووی هورمز بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بەشێوەیەکی کاتی دادەخرێت. بەپێی ئاژانسەکە، ئەم داخستنە لە چوارچێوەی "مانۆڕێکی سەربازی"دایە و بە مەبەستی "پاراستنی سەلامەتی و رێڕەوی هاتوچۆی دەریایی" ئەنجام دەدرێت.

هاوکات، عەلیڕەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران، هەڵوێستێکی توندتری نیشان دا و رایگەیاند: "ئێمە بە تەواوی ئامادەین بۆ داخستنی گەرووی هورمز، ئەگەر سەرکردە باڵاکانی ئێران بڕیارێکی لەو شێوەیە بدەن."

گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی جیهان بۆ گواستنەوەی وزە. نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوتی جیهان بەم گەرووەدا تێدەپەڕێت. داخستنی، تەنانەت بۆ ماوەیەکی کورت، دەتوانێت شڵەژانێکی گەورە لە بازاڕەکانی وزەی جیهان دروست بکات و نرخەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بکاتەوە.

ئێران مێژوویەکی درێژی هەیە لە بەکارهێنانی ئەم کارتە وەک فشار لە دژی رۆژئاوا. لە ساڵانی رابردوودا، سوپای پاسداران چەندین جار دەستی بەسەر کەشتیی نەوتهەڵگر و بازرگانیدا گرتووە، بەتایبەت ئەو کەشتییانەی پەیوەندییان بە ئیسرائیل یان وڵاتانی رۆژئاواوە هەبووە. ئەم کردەوانە زۆرجار وەک وەڵامێک بوون بۆ سزاکانی ئەمریکا یان گرژییە سیاسییەکان.

پەرەسەندنە دیپلۆماسییەکان لە جنێڤ

لەسەر ئاستی دیپلۆماسی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئیسماعیل بەقایی، لەبارەی دانوستانەکانی جنێڤەوە رایگەیاند، گفتوگۆکان چوونەتە ناو "ووردەکارییەکانی پەیوەست بە هەڵگرتنی سزاکان، دۆسیەی ئەتۆمی و بابەتە تەکنیکییەکان."

ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێمە نیگەرانییەکانی خۆمان لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاکانەوە بە لایەنی بەرامبەر گەیاندووە."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەڵوێستی وڵاتەکەی لە دانوستانەکاندا بەم شێوەیە خستەڕوو:

- نیازپاکی و جددییەت: "ئێمە بە نیازپاکی و جددییەتەوە بەشداری لە دانوستانەکاندا دەکەین و هیوادارین هەمان شت لە شاندی ئەمریکییەوە ببینین."

- ئامادەیی بۆ گفتوگۆی درێژخایەن: "ئامادەین بۆ چەندین رۆژ و هەفتە لە جنێڤ بمێنینەوە بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن."

- رۆڵی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم: گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئامادەبوونی رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە جنێڤ بە "سودبەخش" زانی بۆ "پاڵنانی گفتوگۆکان بەرەو پێشەوە".