عێراق.. مانگی رابردوو نزیکەی 6 هەزار حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ئاماری مانگی رابردووی پڕۆسەی هاوسەرگیری و جیابوونەوەی بڵاوکردەوە، کە تێیدا رێژەی جیابوونەوە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکە، لە تەواوی مانگی کانوونی دووەمی 2026دا، لە دادگاکانی عێراق 27 هەزار و 256 گرێبەستی هاوسەرگیری تۆمارکراون، لە بەرامبەردا پێنج هەزار و 999 حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە، واتە نزیکەی شەش هەزار خێزان جیابوونەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەک هەمیشە پشکی شێر لە ئامارەکان بەر بەغدا کەوتووە، کە تێیدا بە هەردوو بەری کەرخ و رەسافە، کۆی گشتی شەش هەزار و 661 هاوسەرگیری و دوو هەزار و 636 حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە، کە زۆرترین رێژەیە لەسەر ئاستی عێراق.

سەبارەت بە کەرکووک، دادگاکانی ئەو شارە هەزار و 300 گرێبەستی هاوسەرگیری و 162 حاڵەتی جیابوونەوەیان تۆمارکردووە.

لە دوای بەغدا، پارێزگای نەینەوا بە پلەی دووەم دێت لە زۆری ژمارەی هاوسەرگیری سێ هەزار و 75 گرێبەست، بەڵام رێژەی جیابوونەوە تێیدا کەمترە بەراورد بە بەسرە کە تێیدا 434 حاڵەتی جیابوونەوە هەبووە.

بەپێی داتاکان، پارێزگای واست کەمترین رێژەی جیابوونەوەی تێدا تۆمارکراوە کە تەنها 86 حاڵەت بووە لە بەرامبەر 990 پرۆسەی هاوسەرگیریدا.