وردەکاریی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ئاشکرا دەکرێن

لە نوێترین پێشهاتی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، بەرپرسانی هەردوولا دانیان بە بوونی "پێشوەچوونی باش" لە گفتوگۆکانی جنێڤدا ناوە. بە پێی زانیارییەکان، شاندی ئێرانی بەڵێنی داوە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بە کۆمەڵێک پێشنیاری وردەوە بگەڕێتەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ چارەکردنی ئەو بۆشاییانەی هێشتا لە نێوان هەڵوێستی هەردوو لادا ماونەتەوە.

سێشەممە، 17ـی شوباتی 2026، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی بە پێگەی هەواڵی "ئەکسیۆس"ـی راگەیاند: کە دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە شاری جنێڤ، "پێشوەچوونی بە دەست هێناوە"، بەڵام جەختیشی کردەوە کە "هێشتا وردەکاریی زۆر ماون کە پێویستە گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت".

ئەو بەرپرسە ئاشکرای کردووە کە شاندی ئێرانی، دوای ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ جێرد کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، پێشنیاریان کردووە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا بە کۆمەڵێک پێشنیاری ورد و ئامادەوە بگەڕێنەوە، بە مەبەستی "چارەکردنی بەشێک لەو کەلێن و بۆشاییانەی کە هێشتا لە هەڵوێستی هەردوو لادا بوونیان هەیە".

لە لایەن خۆیەوە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، سروشتی گفتوگۆکانی بە "جیددی، بونیاتنەر و ئەرێنی" وەسف کرد. 

عراقچی جەختی لەوە کردەوە، "بەراورد بە کۆبوونەوەی پێشوو، پێشوەچوونی باش بەدەست هاتووە و ئێستا رێڕەوێکی روونترمان لەپێشە".

 

رۆڵی نێوەندگیریی عومان

لەسەر ئاستی نێوەندگیریش، بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان، کە سەرپەرشتیی نێوەندگیریی دانوستانەکانی دەکرد، جەختی کردەوە کە گەڕی دووەمی گفتوگۆکان بە "پێشوەچوونێکی باش بەرەو دیاریکردنی ئامانجە هاوبەشەکان و پرسە تەکنیکییە پەیوەندیدارەکان" کۆتایی هاتووە و کەشی کۆبوونەوەکانیشی بە "بونیاتنەر" ناو برد.

ئەلبوسەعیدی گوتی: "بەیەکەوە هەوڵی جیددیمان دا بۆ دیاریکردنی ژمارەیەک پرەنسیپی رێنیشاندەر بۆ رێککەوتنێکی کۆتایی، هێشتا کاری زۆر ماوە کە ئەنجام بدرێت، بەڵام لایەنەکان بە هەنگاوی داهاتووی روونەوە کۆبوونەوەکەیان جێهێشتووە بۆ ئامادەکاریی کۆبوونەوەی داهاتوو".

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، گەڕی دووەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوو شاندی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەی عوممان، لە جنێڤی پایتەختی سویسرا بەڕێوە چوون.