سەرۆککۆماری ئێران: وڵاتەكەمان بەدوای چەكی ئەتۆمییەوە نییە
سەرۆککۆماری ئێران، رایگەیاند، بە پێی بیروباوەڕ و فتوای رێبەری ئێران، وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک بە دوای چەکی ئەتۆمییەوە نییە و ئامادەن ئەوە بسەلمێنن و رێگە بە ئاژانسی نیودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیی بدەن پشکنین بۆ دامەزراوەکانیان بکات
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە دیدارێکدا لەگەڵ سێ چالاکوانی مەدەنیدا گوتی: ئێمە چەندین جار رامانگەیاندووە، راگەیاندنی من گرنگ نییە فتوا و سیاسەتی رێبەری باڵا لە رووی بیروباوەڕەوە گرینگە، ئاماژەی بەوەشدا، بە هیچ شێوەیەک بە دوای دروستکردنی چەکی ئەتۆمییەوە نین، بە هەر شێوەیەک دەیانەوێ دەتوانن بێن و پشکنین بۆ دامەزراوەکانمان بکەن، بەڵام ئەگەر نەتوانین لە زانستەکەمان بۆ چارەسەری نەخۆشییەکان، پیشەسازی یان کشتووکاڵی کەڵک وەرگرین، قبووڵی ناکەین.
سەرۆککۆماری ئێران باسی لەوەشکرد، هیوادارین جیهان و ئەمریکاش ئەوە بزانن کە ئەم پرۆپاگەندانەی بڵاو دەبنەوە کە ئێمە دەمانەوێ چەکی ئەتۆمی دروست بکەین قەبووڵ نەکەن، هەڵبەت ئەوان دەیانەوێ ئەم بابەتە بسەپێنن، بەڵام ئەم هەوڵەیان لەگەڵ بیرو باوەڕی ئێمە زۆر جیاوازە.