کۆبوونەوەکەی حەسەکە کۆتایی بە گرژییەکانی نێوان هۆزەکان و هەسەدە هێنا
مەزڵووم عەبدی لەگەڵ سەرۆک هۆزەکانی حەسەکە کۆبووەوە و بڕیاری ئازادکردنی دەستگیرکراوانی دا.
لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لەگەڵ ژمارەیەک سەرۆک هۆز و کەسایەتیی پێکهاتە جیاوازەکانی کورد، عەرەب و کریستیان کۆبووەوە.
ئامانجی کۆبوونەوەکە لەدوای گرژییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە دێت و بۆ پتەوکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و رەتکردنەوەی "گوتاری رق و کینە" ساز کرا.
حەسەن فەرحان، سەرۆکی هۆزی "تەی" لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو ئاڵۆزییانەی روویانداوە لەلایەن "کەسانێکی دەرەکییەوە" بووە. هاوکات جەختی لەسەر مێژووی دێرینی پێکەوەژیانی نێوان کورد و عەرەب لە ناوچەکە کردەوە.
لەلایەکی ترەوە، د. عەزیز ئەحێ، سەرۆکی ئەنجوومەنی کەنیسەی جەزیرە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای 14 ساڵ لە شەڕ و نەهامەتی، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە هەموو لایەنەکان ناکۆکییە نەتەوەیی و سیاسییەکان وەلا بنێن و بەرەو قۆناغێکی نوێی ئاشتی و خۆشەویستی هەنگاو بنێن.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، مەزڵوم عەبدی جەختی لەسەر پاراستنی پێکەوەژیان کردەوە و بڕیاری دا سەرجەم ئەو کەسانەی لەمیانی رووداوەکانی ئەم دواییەدا دەستگیرکرابوون ئازاد بکرێن.
هەروەها ئاماژەی بە بەردەوامبوونی گفتوگۆکان کرد لەگەڵ حکوومەتی سووریا بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتییانە.