خێزانێکی کوردی کۆبانێ لە حومس دووچاری هەڕەشەی دەستدرێژی و ئەشکەنجە بوونەتەوە

خێزانێکی کوردی خەڵکی کۆبانێ کە لە حەوت کەس پێکهاتوون، لە شاری حومسی سووریا لەلایەن گرووپێکی چەکدارەوە رفێندراون و رووبەڕووی دۆخێکی مرۆیی کارەساتبار بوونەتەوە، رفێنەرەکان لە بەرانبەر ئازادکردنیاندا داوای 35 هەزار دۆلار دەکەن.

عەبدوڵڵا حەبەش، سەرۆکی خێزانەکە، لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە بەرەو وڵاتی لوبنان، لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکانی لە شاری حومس کەوتوونەتە بۆسەی گرووپێکی چەکدار و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە، بەپێی گوتەی ئەنوەر حەبەش، برای عەبدوڵڵا کە بە کوردستان24 گوت: رفێنەرەکان ڤیدیۆی ئەشکەنجەدان و سووکایەتیپێکردنی خێزانەکەیان بۆ ناردوون و هەڕەشەی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر دایکی منداڵەکان دەکەن وەک ئامرازێکی گوشار بۆ دەستکەوتنی بڕە پارە داواکراوەکە.

ئاماژە بەوش دا، ئەم خێزانە لە ژێرزەمینێکی شێدار و سارددا دەستبەسەر کراون و بەهۆی برسیتی و بێبەشبوون لە پێداویستییە سەرەتاییەکان، تەندروستییان لە مەترسیدایە، بەتایبەت عەبدوڵڵا حەبەش کە پێویستی بە دەرمانی مێشک هەیە و بەهۆی نەبوونی چارەسەرەوە دۆخی تێکچووە، هاوکات منداڵەکان و کۆرپە هەشت رۆژەکە بەهۆی سەرما و نەبوونی شیر و خۆراکەوە لە لێواری مەرگدایە.

وێڕای ئەوەی کەسوکاری ئەم خێزانە لە دەزگا ئەمنییەکانی شارەکانی حومس و دیمەشق سکاڵای فەرمییان تۆمار کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەسەڵاتدارانی حکوومەتی سووریا هیچ هەنگاوێکی کردەییان بۆ رزگارکردنیان نەناوە، ئەم بێدەنگییەی دامودەزگا ئەمنییەکان نیگەرانییەکانی زیاتر کردووە، هەر بۆیە کەسوکاری خێزانەکە داوای دەستێوەردانی بەپەلە لە رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن بۆ ئەوەی پێش روودانی هەر کارەساتێکی گەورەتر، ئەو خێزانە لە چنگی ئەو گرووپە چەکدارە رزگار بکرێن.