لە دیاربەکر هەڵمەتی نووسین و گفتوگۆ بە زمانی کوردی دەستیپێکرد
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی گەورە شارەوانی دیاربەکری باکووری کوردستان، بۆ رۆژی جیهانیی زمانی دایک، هەڵمەتێکی فراوانی نووسین و گفتوگۆ بە زمانی کوردی لە بازاڕی شارەکە دەستیپێکرد.
هەڵمەتەکە بەشێکە لە ئامادەکاریی زنجیرە چالاکییەکانی رۆژی جیهانیی زمانی دایک، کە 21 شوباتی هەموو ساڵێک لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تایبەتکراوە بەم بۆنەیە. لەو چوارچێوەیەشدا لە دووکان و شوێنە بازرگانییەکانی بازاڕی ناوەندی دیاربەکر دەستکرا بە دابەشکردنی تابلۆی نرخی شتومەک و کاڵاکان بە زمانی کوردی بەسەر دوکانداران و فرۆشیاراندا.
هەروەها بەرپرسانی گەورە شارەوانی دیاربەکر بە سەردانیکردنی بازاڕی شارەکە دووکانداران و فرۆشیاران بەسەر دەکەنەوە و هانیاندان بە زمانی کوردی گفتوگۆ و مامەڵە لەگەڵ کڕیاران و هاووڵاتیاندا بکەن، بۆ ئەمەش تابلۆی نرخیان بەسەر سەوزە و میوە فرۆشەکان دابەشکردووە، کە بە هەردوو شێوەزاری کرمانجی و زازاکی ناوی بەرهەمەکان و نرخەکانیان نوسراوە.
هەروا تابلۆی هەڵواسراوی دەرگای دووکان و شوێنکاریشیان دابەشکردووە، کە بە زمانی کوردی لەسەریان نووسراوە "کراوەتەوە" یان "داخراوە" ، "بەخێر بێیت".
بەرپرسانی گەورە شارەوانی دیاربەکر و چالاکانی مەدەنی ئاماژەیان بەوەشکردووە، چالاکییەکانیان بۆ بایەخدانی زیاتر بەزمانی کوردی بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی هاووڵاتیان پارێزگاری لە زمانی دایک بکەن و بەردەوام بە کوردی گفتوگۆ بکەن و بئاخڤن.