مەسرور بارزانی: یەکێتیی قوتابیان و لاوان، رۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان
ئەمڕۆ چوارشەممە 18 ی شوباتی 2026، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، سەردانی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتییەکەی کرد و لەلایەن سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت پێشوازیی لێ کرا.
جێگری سەرۆکی پارتی لە گوتەیەکدا و بە بۆنەی 73مین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوەکە، پیرۆزباییەکی گەرمی لە سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتارییەت و گشت ئەندامانی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان کرد.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا "ئەندامانی ئەم رێکخراوە، هەمیشە سەلماندوویانە کەرەستەی گەورەی پارتین و ئەم ڕێکخراوە تێکۆشەرە، مەڵبەندێک بووە بۆ پێگەیاندنی زۆربەی سەرکردەکانی پارتی و ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان و بەرگریکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان "
جێگری سەرۆکی پارتی هەروەها گوتی، "هیواداراین لە سەردەمی ئێستاشدا، یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، رۆڵی کاریگەریی هەبێت لە پێگەیاندنی گەنجەکانمان و پەرەپێدانی هوشیاریی نەتەوەیی و هزری نیشتمانپەروەری لە نێو لاوان و قوتابیانی کوردستان".