کەمال کەرکووکی: پۆستی سەرۆککۆمار مافی پارتییە و پێویستە رێز لە دەنگی زۆرینە بگیرێت
کەمال کەرکووکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، پۆستی سەرۆککۆماری عێراق بە هەموو پێوەرێکی هەڵبژاردن مافی پارتییە.
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، کەمال کەرکووکی تیشک دەخاتە سەر پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزی یەکەم و هاوکات رەخنە لە هەنگاوە نادەستوورییەکانی هەندێک لایەن و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەگرێت.
کەمال کەرکووکی، دەڵێت "پۆستی سەرۆککۆمار مافی پارتی دیموکراتی کوردستانە، چونکە لە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دەنگی زۆرینەی هێناوە، هەروەها لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش زیاتر لە 1 ملیۆن دەنگی هێناوە. لەگەڵ ئەوەشدا جەنابی سەرۆک بارزانی بە خەڵکی کوردستانی راگەیاندووە، کە پێویستە میکانیزمێک بۆ ئەم پرسە هەبێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کەرکووکی ئاماژەی بە رۆڵی نوێنەرانی کورد کرد و گوتی: "ئاشکرایە ئەوان چۆنن، بەڵام من لێرەوە دەستخۆشی لە فەرهاد ئەترووشی دەکەم کە زۆر بە شێوازێکی باش رۆڵی جێگری دووەمی سەرۆک پەرلەمانی لە کاتێکی گونجاودا بینی."
سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنە عێراقییەکان و دامەزراوە یاساییەکان، بەتایبەت دادگای فیدراڵی و پرسی هەڵبژاردنی سوپاسالار، کەمال کەرکووکی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتی: "ئەوان ئەگەر دەستیان بڕوات کاری نایاسایی دەکەن، وەک چۆن زۆرجار کاری نایاسایی و نادەستووریشیان ئەنجام داوە."