نوعمان کورتوڵموش راپۆرتی کۆتایی پرۆسەی ئاشتی تورکیا و پڕۆژەی چەکدانانی پەکەکە رادەگەیەنێت

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، راپۆرتی کۆتایی کۆمیسیۆنی "تورکیای بێ تیرۆر" بڵاو کردەوە کە تێیدا مۆدێلێکی نوێ بۆ چەکدانانی پەکەکە و هەنگاوە دیموکراسییەکان خراوەتە روو؛ هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە هاوپەیمانی سروشتیی نێوان کورد، تورک و عەرەب، پیلانی هێزە ئیمپریالیستەکان لە ناوچەکەدا تێک دەشکێنێت.

چوارشەممە 18ـی شوباتی 2026، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، راپۆرتی کۆتایی کۆمیسیۆنی تەبایی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە، رێکخستنە یاساییەکان و هەنگاوەکانی دیموکراسی لە چوارچێوەیەکی نوێدا بە ناوی "مۆدێلی تورکیا" خراونەتە ڕوو.

لە گوتارێکدا لە 21ـەمین و دواین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنەکە لە هۆڵی رێوڕەسمەکانی پەرلەمان، کورتوڵموش ئاماژەی بەوە کرد، ئەم راپۆرتە رەنگدانەوەی بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە. راشیگەیاند پرۆسەکە تەنیا لە ڕەهەندی ئەمنیدا قەتیس نەکراوە، بەڵکوو بە دیدێکی فرەڕەهەند و دیموکراسییانە بەڕێوەچووە.

سەبارەت بە وردەکارییەکانی کارەکە، سەرۆکی پەرلەمان ئاشکرای کرد، راپۆرتەکە لە 7 بەشی سەرەکی پێکدێت و ئەنجامی 88 کاتژمێر کارکردنە، کە تێیدا 4199 لاپەڕە کۆنووس تۆمار کراوە و هەموارکردنەوەی کارگێڕیی و یاسایی لەخۆدەگرێت. گرنگترین ناونیشانەکانی راپۆرتەکەش بریتین لە: "ڕەگە مێژووییەکانی برایەتی کورد و تورک، هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و پرۆسەی چەکدانان، پێشنیازە یاساییەکان بۆ پرۆسەکە و هەنگاوەکانی دیموکراسی".

کورتوڵموش جەختی کردەوە کە راپۆرتەکە دوورە لە دروستکردنی چەمکی لێبوردنی گشتی، بەڵکوو ئامانجی بنیاتنانی بنەمایەکی بەردەوامە بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی یاسادا.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بە دەستوەردانە ئیمپریالیستەکان لە ناوچەکەدا کرد و گوتی: باشترین وەڵام بۆ سیناریۆکانی پارچەپارچەکردن، یەکگرتنە. هاوپەیمانی گەلی کورد، تورک و عەرەب لەگەڵ گەلانی دیکەی ناوچەکە، پیلانی هێزە دەرەکییەکان پووچەڵ دەکاتەوە.

کورتوڵموش باسی لەوەش کرد راپۆرتەکە کۆتایی رێگەکە نییە، بەڵکوو بەردی بناغەی هەنگاوەکانی داهاتووە و بۆ ئەمەش دەستوورێکی نوێ بە پێویست دەزانێت. گوتیشی: ئاشکرایە پێویستمان بە دەستوورێکی دیموکراسی تر، مەدەنی و ئازادیخواز هەیە. هەروەها گۆڕانکاری لە یاسای پارتە سیاسییەکان و یاساکانی هەڵبژاردن لە ئەستۆی پەرلەماندایە.

لە کۆتاییدا، کورتوڵموش سوپاسی رەجەب تەیب ئەردۆغان، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی(MHP) و سەرکردەی پارتەکانی دیکەی کرد بۆ پشتگیرییان. هەروەها بە دڵتەنگییەوە یادی سڕی سورەییا ئۆندەر، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کردەوە کە پێش دامەزراندنی کۆمیسیۆنەکە کۆچی دوایی کردبوو و بە "دۆستێکی بەڕێز" ناوی برد کە ماندووبوونێکی زۆری بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە کێشابوو.