حکوومەتی سووریا کەمپی هۆل دادەخات
حکوومەتی سووریا ئامادەکاری دەستپێکردووە بۆ داخستنی کەمپی هۆل لە باکووری رۆژهەڵاتی وڵات، کە دەیان هەزار کەسی تێدا نیشتەجێیە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری دیپلۆماتکارانی نیشتەجێی دیمەشق بڵاویکردووەتەوە، لەو کاتەوەی حکوومەتی سووریا لە مانگی یەکی ساڵی رابردوو کۆنترۆڵی کەمپەکەی لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) وەرگرتووە، بارودۆخەکە بەرەو خراپی چووە. ئاماژە بەوە کراوە لە چەند هەفتەی رابردوودا هەزاران کەس لە کەمپەکە هەڵاتوون.
چارڵز لیستەر، بەڕێوەبەری پرۆگرامی سووریا لە ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتن، دەڵێت: "حکوومەت بە کردەوە کۆنترۆڵی کەمپەکەی لەدەستداوە. هەرچەندە دەوروبەری کەمپەکەی مسۆگەر کردبوو، بەڵام قاچاخچێتی و شکاندنی دیوارەکان بەردەوام بوو، ئەمەش دۆخەکەی گەیاندە پشێوییەکی تەواو."
رۆژی سێشەممەی رابردوو، دیمەشق رایگەیاند؛ کۆمەڵێک هەنگاو دەگرێتەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، لەوانە، بەدواداچوون بۆ ئەو گومانلێکراوانەی داعش کەمپەکەیان جێهێشتووە و کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی دەستگیرکراوانی پێشوو بۆ ناو کۆمەڵگە. هەروەها گواستنەوەی بەشێکی زۆری دانیشتووانە ماوەکانی کەمپەکە بۆ کەمپێکی نوێ لە نزیک حەلەب، کە حکوومەت دەڵێت: ژێرخان و چاودێرییەکی باشتری لێیە.
لە ترسی تێکچوونی زیاتری باری ئەمنیی و راکردنی توندڕەوەکان، سوپای ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی گرنگی ئەنجامدا بۆ گواستنەوەی نزیکەی 5,700 چەکداری داعش لە زیندانەکانی سووریاوە بۆ ناو خاکی عێراق. بەرپرسێکی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند؛ ئۆپەراسیۆنەکە رۆژی هەینی کۆتایی هاتووە و مەترسی راکردنی ئەو چەکدارانەی رەواندەووەتەوە.
هەروەها، واشنتن ئاستی هێزەکانی لە سووریا کەمکردووەتەوە و لە هەنگاوێکی ستراتیژیدا بنکەی ئەلتەنفی چۆڵکرد و رادەستی سوپای سووریای کرد، ئەمەش دوای ئەوەی حکوومەتی سووریا بووە هاوبەشی ئەمریکا لە شەڕی دژی تیرۆر.
داخستنی کەمپی هۆل کۆتایی بە قەیرانێکی مرۆیی و دیپلۆماسی درێژخایەن دەهێنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە بۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، ئایا دەتوانێت ئاسایشی ناوچەکە بپارێزێت و رێگری بکات لە سەرهەڵدانەوەی داعش، بەتایبەت دوای ئەوەی هەزاران کەس کەمپەکەیان جێهێشتووە و مەترسی بڵاوبوونەوەیان لەناو وڵات و دەرەوەدا هەیە.