لیندزی گراهام: پێویستە لەگەڵ ئیسرائیل هەماهەنگیمان هەبێت لە بەرامبەر ئێران
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی شوباتی 2026، لیندزی گراهام، سیناتۆری ئەمەریکی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، چەند پەیامێکی توندی ئاراستەی ئێران کرد و رایگەیاند؛ واشنتن لەبەردەم بڕیارێکی چارەنووسسازدایە.
گراهام ئاماژەی بەوە کرد؛ ئیدارەی ئەمریکا دوو رێگەی لەبەردەمە (دیپلۆماسی و سەربازی)، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر لێدانی سەربازی نەدراوە.
جەختیشی کردەوە، "کاتی یەکلاکردنەوەی ئەم پرسە بە هەفتە دەژمێردرێت نەک بە مانگ و لە داهاتوویەکی نزیکدا بڕیاری پێویست دەدرێت."
ئەو سیناتۆرە بە توندی وەڵامی ئەو کەسانەی دایەوە کە لەگەڵ مانەوەی ئێران و گوتی: "ئەوانەی دەڵێن نامانەوێت ئێران بگۆڕدرێت، بە هەڵەدا چوون."ئەو پێی وایە ئێران لە لاوازترین دۆخی خۆیدایە و دەبێت پشتگیری لە خواستەکانی گەلی ئێران بۆ ئازادی بکرێت.
گراهام دووپاتی کردەوە، هیچ جیاوازییەک لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیلدا نییە سەبارەت بە مەترسییەکانی ئێران. گوتیشی: "پێویستە لەگەڵ ئیسرائیل لەوپەڕی هەماهەنگیدا بین بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاران و پێکەوە کار بکەین بۆ کۆتاییهێنان بەو هەڕەشانەی کە ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە."