كۆرۆنا زیانی زۆری به‌ كاری چاپخانه‌كان گه‌یاندووه‌

"زۆربه‌ی كتێبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ وڵاتی ئێرانه‌وه‌ چاپده‌كرێن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كوالیتی و نرخه‌كه‌ی باشتره"

چاپخانه‌یه‌كی سلێمانی
چاپخانه‌یه‌كی سلێمانی

K24 - هه‌ولێر:

ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ساڵی (2020)، زۆرترین زیانی بە کاری چاپخانەکان گەیاندووه‌، بە ھۆی کەرەنتینە و وەستانی کارەکانیان زیانێکی زۆری ئابووریان کردووە، خاوەنی چاپخانەیەك رایگه‌یاند، بە ھۆی کۆرۆناوە (80%) کاریان نەماوە، ئەو زیانەی بەھۆی کۆرۆناوە کردوویانە، وێنەی نەبووە.

سەرقاڵی کارکردنە، ھیواخوازە کارەکەی بکەوێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی، "سەرکار" لە ساڵی (2004)ه‌وه‌ چاپخانەی ھەیە، یەکێك لە چاپخانە گەورەکانی سلێمانی بەڕێوەدەبات، بەڵام ته‌شه‌نه‌كردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ساڵی (2020)، وایکرد زۆرترین زیانی پێبگات، ئەو ھاوشێوەی ئەو کەسانەی چاپخانەیان ھەیە، بڕوای وایه‌، ئەو زیانەی کۆرۆنا پێیگه‌یاندن، لە ساڵانی رابردوو وێنەی نەبووە، چونکە بەھۆی ئەو ڤایرۆسەوە، (80%)ی کارەکەیان لەدەستدا، ئێستاش کاریان وەك پێویست نییە.

سه‌ركار ئه‌حمه‌د، خاوه‌نی چاپخانه‌ له‌ سلێمانی، گوتی: "بۆ كه‌رتی بازرگانی، وایلێهاتوو بڵێین: ساڵ به‌ ساڵ، خۆزگه‌م به‌پار، هیچ ساڵێك وه‌كو سه‌رده‌می كۆرۆنا نه‌بووه‌، كاته‌كانی ئیشكردنی زۆر زۆر كه‌م كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ی زیانی له‌ چاپخانه‌كانی ئێمه‌ داوه‌، بردنه‌ ده‌روه‌ی ئیشكه‌كه‌ بۆ توركیا و ئێران".

ئەوەی بۆ کاری چاپخانە گرنگە، کوالێتی و نرخ و خێراییە لە چاپکردن، بەڵام بە بۆچوونی جێگری نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانو کە خۆی دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوەی ھەیە، چاپخانەکانی ھەرێمی کوردستان ئەوەندەی بیر لە قازانج دەکەنەوە، بیر لە کوالێتی لە کارەکەیان ناکەنەوە.

ئه‌نوه‌ر حوسێن، جێگری نه‌قیبی رۆژنامه‌نووسانی كوردستان، گوتی: "به‌شێكی زۆری كتێبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ وڵاتی ئێرانه‌وه‌ چاپده‌كرێن، ئه‌مه‌ ته‌نیا كێشه‌ی هه‌رێمی كوردستان نییه‌، وڵاتانی دیكه‌ی وه‌ك ئه‌رمینیا و سووریا و لوبنانیش، كتێبه‌كانیان له‌ ئێران چاپ ده‌كه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی كوالیتی و نرخه‌كه‌ی باشتره‌، ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌ ئێران كتێبێكی پێ چاپ ده‌كه‌ی، لێره‌ (3) به‌رامبه‌ری ئه‌و نرخه‌یه‌، ئه‌م نرخه‌ زیادانه‌ ده‌چێته‌ سه‌ر هاووڵاتی و خوێنه‌ر".

لە پارێزگای سلێمانیدا، نزیکەی (20) چاپخانەی گەورە کار دەکەن، مۆڵەتی فەرمیان ھەیە، ھاوکات زیاد لە (150) ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی دیکە کار دەکەن، بەشێکی زۆریان مۆڵەتی فەرمیان ھەیە، بەپێی بەدواداچوونەکانی کوردستان24یش، لە ساڵی (2020)دا،بە رێژەی (90%)ی ئەو کتێبانەی لە ھەرێمی کوردستان بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، لە وڵاتی ئێران چاپکراون، چونکە لەوێ نرخ و دەستی کار به‌راورد به‌ ھەرێمی کوردستان ھەرزانترە.

د.ی

Fly Erbil Advertisment