سبەی پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب دەکرێتەوە
سبەی 18ـیەمین خولی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب، بە درووشمی "من کوردستانیم" و لە ژێر چاودێریی سەرۆک بارزانی، بە بەشداریی زیاتر لە 400 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە لە 18 وڵاتی جیاوازەوە، دەکرێتەوە و چالاکییەکانی تاوەکوو کۆتایی ئەم مانگە بەردەوام دەبن.
ئیهاب قەیسی، بەڕێوەبەری پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24، ئاماژەی بەوە کرد، سبەی چوارشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە ژێر چاودێریی سەرۆک مەسعود بارزانی و بە ئامادەبوونی فراوانی نووسەران، رۆشنبیران و دیپلۆماتکاران، لە پایتەختی هەرێمی کوردستان، پەردە لەسەر چالاکییەکانی 18ـەمین خولی پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب لادەدرێت.
ئەم خولەی پێشانگەکە لە ژێر دروشمی "من کوردستانیم" بەڕێوە دەچێت و لە هۆڵی پێشانگەی نێودەوڵەتی لە نێو پارکی شەهید سامی عەبدولڕەحمان لە شاری هەولێر ساز دەکرێت، هاوکات چالاکییەکانی تاوەکو 31ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبن.
ئەم بەڕێوەبەری پێشانگەیە باسی لەوە کرد، لەم خولەی ئەمجارەدا، زیاتر لە 400 دەزگای چاپ، بڵاوکردنەوە و دامەزراوەی تایبەت بە کەرتی کتێب، لە 18 وڵاتی عەرەبی و بیانییەوە بەشدارن، کە زیاتر لە یەک ملیۆن ناونیشانی دەوڵەمەند لە بوارە جیاوازەکانی ئەدەب، فیکر، مێژوو، زانست، فەلسەفە و مەعریفە بە زمانە جۆراوجۆرەکان دەخەنە بەر دیدی خوێنەران.
هەروەها لەم خولەی پێشانگەی ئەمساڵ، وەک ئەوەی ئیهاب قەیسی ئاماژەی پێکرد، 90 چالاکیی هەمەجۆری فەرهەنگی و هونەری بەڕێوە دەچن، کە سیمینار، دیبەیت، کۆڕی شیعری، شەوانی مۆسیقا و ئاهەنگی واژۆکردنی بەرهەمە نوێیەکانی نووسەران لەخۆدەگرن؛ لە پاڵ ئەوەشدا داشکاندنی تایبەت 50% تێدەپەڕێنێت لەسەر زۆربەی ناونیشانەکان پەیڕەو دەکرێت، کە ئەمەش دەرفەتێکی زێڕینە بۆ خوێنەران تا لە نزیکەوە ئاشنای ئەدیبان، بیرمەندان و ناوەندەکانی چاپ ببن.
لای خۆیەوە، ئاریان سەڵاحەددین، بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 رایگەیاند: "لە پێشانگەی نێودەوڵەتییی هەولێر بۆ کتێب، داشکاندنی نرخی کتێبەکان وەک مەرج بەسەر دەزگاکاندا سەپێنراوە؛ بە جۆرێک هەر دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوە رووبەری شوێنەی کە پێی دراوە لە 18 مەتر زیاتر بێت، دەبێت داشکاندنی %50 لە نرخی کتێبەکاندا بۆ کڕیاران و خوێنەران بکات، بەڵام بۆ ئەو دەزگایانەی رووبەری شوێنەکەیان لە 18 مەتر کەمترە، رێژەی داشکاندنەکە کەمتر دەبێت."
بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری ئاماژەی بە چالاکییە رۆشنبیرییە هاوتەریبەکانی پێشانگەکەش کرد و گوتی: رۆژانە چوار بۆ پێنج پانێڵی هزری و پسپۆڕانە لە بوارە جیاوازەکاندا بەڕێوە دەچن، لەوانەش: ئەدەبیات، وەرگێڕان، پێکەوەژیانی ئاشتییانە، پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد، کە تێیاندا بیرمەند و پسپۆڕانی چەندین وڵاتی جیهان بەشداریی دەکەن.
ئاریان سەڵاحەددین، تیشکی خستە سەر ئامانجی سەرەکیی وەزارەت و رایگەیاند: "ئامانجی ستراتیژیمان ئەوەیە هاووڵاتییان بەردەوام ئاشنای خوێندنەوە بن و خوێندنەوە لە هەرێمی کوردستاندا ببێتە نەریت و کولتوورێکی رۆژانە؛ نامانەوێت کۆمەڵگە لە کتێب و مەعریفە داببڕێت، چونکە هەر کۆمەڵگەیەک بە زانست و خوێندنەوە بەرەو پێش دەچێت."
دەزگای مەدا بۆ راگەیاندن، رۆشنبیری و هونەر، ئەرکی رێکخستنی ئەم خولەی پێشانگەکەی لە ئەستۆ گرتووە، بە هاوکاریی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی گشتیی ئەدیبان و نووسەرانی عێراق، هاوکات بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵەی بڵاوکارانی عێراقدا.
بڕیارە بە درێژایی رۆژانی بەڕێوەچوونی پێشانگەکە، دەرگای هۆڵەکە لە کاتژمێر 10ـی بەیانی تاوەکوو 8ـی ئێوارە بە بەردەوامی بە رووی خوێنەران، توێژەران و سەرجەم سەردانکەراندا واڵا بێت.