ئەردۆغان: پشتگیری لە یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریا دەکەین

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، هەڵوێستێکی نوێی وڵاتەکەی سەبارەت بە داهاتووی هێزە کوردییەکان لە سووریا راگەیاند و دووپاتیکردەوە، ئەنقەرە بە بایەخەوە دەڕوانێتە پڕۆسەی یەکخستنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەناو دامودەزگاکانی دەوڵەتی سووریادا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی شوباتی 2026، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی گەشتی گەڕانەوەی لە وڵاتی ئەسیوپیا، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند: "تورکیا رازییە لەو هەنگاوانەی تا ئێستا بۆ یەکخستنی هێزە کوردییەکان لە سووریا گیراونەتەبەر."

سەرۆکی تورکیا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو پێشکەوتنانەی لە پرۆسەی یەکخستنی هێزە کوردییەکان لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا بەدەست هاتوون. ئەم پێشهاتانەش دوای ئەو رێککەوتنی ئاگربەستە دێت کە لە کۆتایی مانگی رابردوودا بە نێوەندگیری و پشتیوانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە نێوان لایەنەکاندا واژۆکرا.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی لە نزیکەوە چاودێری وردی تەواوی پرۆسەی یەکگرتنەوەکە دەکات و گوتی: "ئەنقەرە رێنمایی پێویست دەدات سەبارەت بە چۆنیەتی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا."

لەلایەکی دیکەوە، رۆژی سێشەممە مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، جەختی لەسەر پێویستی یەکخستنی سەرجەم دامودەزگاکانی "ئیدارەی خۆسەر" لەگەڵ پێکهاتە و دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا کردەوە.

عەبدی روونیکردەوە، ئەم هەنگاوە تەنیا پەیوەندی بە پێکهاتەی کوردەوە نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی گشتگیرە بۆ هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە. هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، گەیشتن بە یەکگرتنی تەواوەتی لە بوارە ئیداری و دامەزراوەییەکاندا، پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و رەنگە کاتێکی زیاتری پێویست بێت.

ئەم گۆڕانکارییە لە هەڵوێستی تورکیا و لێکگەیشتنە نوێیەکانی نێوان لایەنەکان، وەک قۆناخێکی نوێ لە قەیرانی سووریا و پەیوەندییەکانی نێوان هێزە کوردییەکان و دەوڵەتی ناوەندیی دەبینرێت، کە بە چاودێری نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت.