فراکسیۆنی سۆیانا پڕۆژەیاسایەکی نوێ بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە عێراق ئامادە دەکات
فراکسیۆنی سۆیانای کریستیانەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کار لەسەر ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەکی تایبەت دەکات کە ئامانج لێی پاراستنی مافی پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق و رێکخستنی کاروباری نەتەوەیی و ئایینییانە.
سامی ئۆشانا، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سۆیانا لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "پڕۆژەیاساکە لە چوار تەوەری سەرەکی پێکهاتووە و هەوڵێکە بۆ چەسپاندنی مافە دەستوورییەکانی پێکهاتەکان لە عێراقدا."
بەگوێرەی گوتەکانی ئەو پەرلەمانتارە، پڕۆژەیاساکە جەخت لەسەر ئەم خاڵە ستراتی ییانە دەکاتەوە؛
1- پاراستنی رەسەنایەتی ناوچەکانی نیشتەجێبوونی پێکهاتەکان و رێگریکردن لە هەر هەوڵێک بۆ گۆڕینی ناسنامەی ناوچەکانیان.
2- دەرچوواندنی یاسایەکی تایبەت کە رێز لە تایبەتمەندییە ئایینییەکانی پێکهاتەکان بگرێت و کاروباریان رێکبخات.
3- کارکردن لەسەر دروستکردنی "تۆماری تایبەت" بۆ پێکهاتەکان، بە جۆرێک کە تەنیا ئەندامانی پێکهاتەکان بتوانن دەنگ بە نوێنەرانی خۆیان بدەن (سیستەمی کوتای ناوخۆیی).
4- جێبەجێکردنی ماددەی 125ـی دەستوور، ئەم ماددەیە گەرەنتی مافە کارگێڕی، سیاسی، رۆشنبیری و پەروەردەییەکانی نەتەوە جیاوازەکان (وەک تورکمان، کلدان، ئاشووری و ئەرمەن) دەکات.
جگە لەو چوار تەوەرە، سامی ئۆشانا ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێکی دیکە لە داواکارییە گرنگەکانیان گۆڕینی یاسای "باری کەسێتی"یە. ئەوان داوا دەکەن یاساکە بە جۆرێک بێت کە بگونجێت لەگەڵ تایبەتمەندییە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەموو پێکهاتەکان و مافی هەمووان وەک یەک بپارێزرێت.
ئەم هەنگاوەی فراکسیۆنی سۆیانا لە کاتێکدایە، پێکهاتەکان لە عێراق بەردەوام داوای گەرەنتی یاسایی زیاتر دەکەن بۆ پاراستنی بوونی خۆیان لە پرۆسەی سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵاتدا.