پەرلەمانتارێک: حکوومەتی عێراق نزیکەی 33 ترلیۆن دینار قەرزاری بەڵێندەرانە

جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان

پەرلەمانتارێکی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ئاشکرای دەکات کە چارەکێکی بودجەی عێراق بەهۆی گەندەڵییەوە بەهەدەر دەچێت و حکوومەت بڕی 33 ترلیۆن دینار قەرزاری کەرتی تایبەت و بەڵێندەرانە.

چوارشەممە، 18ـی شوباتی 2026، جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، داتای مەترسیداری لە بارەی بەهەدەردانی سامانی گشتی و قەرزەکانی حکوومەت خستە روو.

ئەو پەرلەمانتارە رایگەیاند: "بە پێی بەدواداچوونەکان، نزیکەی 25%ـی ئەو پارەیەی لە بودجەی گشتیدا تەرخان دەکرێت، لە عێراقدا بەهەدەر دەدرێت و دەچێتە خانەی گەندەڵییەوە."

ئاماژەی بەوەش دا، کە ئەم رێژە بەرزەی گەندەڵی بووەتە هۆکاری سەرەکیی وەستانی زۆرینەی پڕۆژە ستراتیژی و خزمەتگوزارییەکان لە وڵاتدا.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، جەمال کۆچەر باسی لە قەیرانی نەبوونی نەختینە بۆ کۆمپانیاکان کرد و گوتی: "حکوومەتی عێراق نزیکەی 33 ترلیۆن دینار قەرزاری بەڵێندەران و کۆمپانیا ناوخۆییەکانە."

ناوبراو روونیشی کردەوە، کە حکوومەت لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا نەیتوانیوە ئەو قەرزانە بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێنێتەوە، ئەمەش گورزێکی گەورەی لە کەرتی وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە داوە.