پزیشکیان: پێش ئەوەی ببم بە سەرۆککۆمار ژیانم زۆر خۆشتر بوو
سەرۆککۆماری ئێران دان بە بوونی کێشە و قەیرانی رۆژانە لە وڵاتەکەیدا دەنێت و هۆکارەکەی بۆ فشارە دەرەکییەکان دەگەڕێنێتەوە. هاوکات دەڵێت: "پێش ئەوەی ببمە سەرۆککۆمار ژیانم زۆر خۆشتر بوو، بەڵام ئێستا ژیانم دژوار بووە، لەگەڵ ئەوەشدا شانازی بە خزمەتکردن و ئەگەری شەهیدبوونەوە دەکەم."
چوارشەممە، 18ـی شوباتی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەبەرهێنەران و چالاکانی ئابووریی پارێزگای لوڕستان، گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر فشارە نێودەوڵەتییەکان و دۆخی ناوخۆی ئێران.
پزیشکیان رایگەیاند: "ئەوروپا، ئەمریکا و ئیسرائیل نایانەوێت ئێمە پشت بە خۆمان ببەستین و وڵاتەکەمان سەربەخۆ بێت، هەر بۆیە رۆژ نییە بەڵا یان کێشەیەک بۆ ئەم وڵاتە دروست نەکەن."
ناوبراو جەختی کردەوە کە سەرەڕای هەموو فشارەکان، ئێران دەبێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت، تەنانەت ئەگەر باجەکەشی قورس بێت.
سەبارەت بە دۆخی ئێستای وڵات، سەرۆککۆماری ئێران گوتی: "ئێستا رۆژانە رووبەڕووی کێشە و ئاڵنگاری دەبینەوە، رنگە ئەمە تاقیکردنەوەی خودایی بێت، بەڵام ئامانجی ئێمە چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵکە. من نەهاتووم بۆ ئەوەی حوکمڕانی بکەم، بەڵکو هاتووم خزمەتکاری خەڵک بم."
پزیشکیان بەراوردێکی لە نێوان ژیانی رابردوو و ئێستایدا کرد و گوتی: "پێش ئەوەی ببمە سەرۆککۆمار، ژیانم زۆر ئارامتر و خۆشتر بوو، کەسێکی ئازاد بووم و خەریکی ژیانی خۆم بووم، بەڵام ئێستا جووڵەکانم سنووردارە و دەبێت بە پارێزەوە هاتووچۆ بکەم."
لە کۆتایی قسەکانیدا، پزیشکیان پەیامێکی توندی ئاراستەی نەیارانی کرد و گوتی: "لە پێناو وڵاتەکەمدا هەوڵ دەدەم و هیچ ترسێکم لە مردن نییە؛ ئەگەر لەم رێگایەدا شەهیدیش ببم، ئەوا مایەی شانازیمە."