وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئێران ئامادەکاری بۆ جەنگ دەکات

ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی سەرکردەکانی ئێران خوازیاری ڕێککەوتنی ئەتۆمین لەگەڵ ئەمەریکا، بەڵام هاوکات بە خێراییەکی زۆرەوە خۆیان بۆ جەنگ ئامادە دەکەن لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکان، چونکە پێیان وایە مانەوەی ڕژێمەکەیان کەوتووەتە مەترسییەوە.

ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی شوباتی 2026 بڵاوی کردووەتەوە ئاماژەی بەوە کردووە، تاران دەستی کردووە بە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی و دابەشکردنی دەسەڵاتی بڕیاردان و بەهێزکردنی پێگە ئەتۆمییەکان. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ جێگیرکردنی دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگر و ژمارەیەکی زۆر کەشتیی جەنگی و فڕۆکەی ئەمەریکی لە ناوچەکەدا.

ئاماژەشی داوە، سوپای پاسداران لە سەرەتای ئەم مانگەدا پلانەکانی بۆ زیندووکردنەوەی ستراتیژیی ناسراو بە "بەرگریی مۆزاییکی" ڕاگەیاند، کە دەسەڵاتی تەواو دەداتە فەرماندەکان بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ فەرمان بە یەکەکانیان بدەن. ئەم ستراتیژە بە مەبەستی ئەوە داڕێژراوە کە کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە هێرشە دەرەکییەکان خۆڕاگرتر بکات.

فەرزان سابت، شرۆڤەکاری کاروباری ئێران لە پەیمانگای دەرچووانی جنێڤ دەڵێت: "ئێران ڕووبەڕووی خراپترین هەڕەشەی سەربازی بووەتەوە لە دوای کۆتاییهاتنی جەنگی عێراق-ئێران لە ساڵی 1988."

بەپێی ڕاپۆرتەکە، هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران لە گەرووی هورمز جێگیر کراون و میدیاکانی ئێران دیمەنی مووشەکی کروزیان بڵاوکردووەتەوە کە لە کەناراوەکان و بەلەمی خێراوە ئاراستە دەکرێن، لەکاتێکدا کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بەو ناوچەیەدا تێدەپەڕن. هەروەها ئاشکرا کراوە کە کەشتییەکی جەنگیی ڕووسی گەیشتووەتە بەندەر عەباس بۆ بەشداریکردن لە مانۆڕێکی سەربازیی هاوبەش.

وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێت: ئێران خاوەنی نزیکەی 2000 مووشەکی بالیستیی مامناوەندە کە دەتوانن بگەنە ئیسرائیل، جگە لە کۆگایەکی گەورەی مووشەکی کورت مەودا کە توانای لێدانی بنکە و کەشتییەکانی ئەمەریکایان هەیە لە کەنداو.

بەگوێرەی وێنە مانگییە دەستکردەکان کە لەلایەن "پەیمانگای زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی" (پەیمانگایەکی لێکۆڵینەوەیە لە واشنتن بڵاوکراونەتەوە و شیکارییان بۆ کراوە، ئێران خەریکی کارکردنە لە شوێنە ئەتۆمییەکانی بۆ ئەوەی باشتر لە هێرشەکان بییانپارێزێت.

وێنە مانگییە دەستکردەکان دەریدەخەن کە تاران خەریکی بەهێزکردن و توندکردنی دەروازەی توونێلەکانە لە شوێنی ئەسفەهان کە پێدەچێت ئێران بەشێکی زۆری یۆرانیۆمی پیتێنراوی بە ڕێژەیەکی بەرزی لەوێ هێشتبێتەوە و لە حوزەیرانی ڕابردوودا بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتبوو؛ هەروەها لە کۆمەڵە توونێلێکی قووڵی ژێر زەوی لەو شوێنەی کە بە کێوی "کلەنگ" (Pickaxe Mountain) ناسراوە.

بەپێی وێنە سەتەلایتییەکان و زانیارییەکان، ئێران کار لەسەر تونێلەکانی "پیکاکس" (Pickaxe) دەکات، کە شوێنێکە پێشتر نەکرابووە ئامانج و گومان دەکرێت بۆ کاری ئەتۆمیی ڕاگەیەنراو بەکاربهێنرێت؛ وێنەکان نیشان دەدەن کە خەریکی داپۆشینی دەروازەی تونێلەکانن بە کۆنکرێت و خۆڵ، ئامانج لێی کەمکردنەوەی کاریگەریی هێرشی ئاسمانی و ڕێگریکردنە لە هەر ئۆپەراسیۆنێکی هێزی تایبەت بۆ دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراو.

هەروەها پەیمانگاکە بۆی دەرکەوتووە کە ئێران لەم دواییانەدا بەرگێکی کۆنکرێتیی بەسەر باڵەخانەیەکدا لە شوێنی سەربازیی "پارچین" دروست کردووە، کە پێشتر ئێران کارە ئەتۆمییەکانی تێدا ئەنجام دەدا. ئیسرائیل لە ساڵی 2024دا ئەو شوێنەی بۆردوومان کرد.

حوسێن نەجات، فەرماندەی سوپای پاسداران، لە لێدوانێکدا کە ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی سەر بە هێزە ئەمنییەکانی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، ڕایگەیاندووە کە سوپای پاسداران و هێزە هەواڵگرییەکان نزیکەی 100 خاڵی چاودێریان لە دەوروبەری تاران داناوە بۆ ڕێگریکردن لە یاخیبووە ئەگەرییەکان یان هێزە بیانییەکان.

لەسەر ئاستی ناوخۆش، شارەوانی تاران وێستگەکانی میترۆ و گەراجەکانی دیاری کردووە وەک پەناگە بۆ بۆردوومان، ئەمەش دوای ئەو ڕەخنانە دێت کە ساڵی ڕابردوو لێیان گیرا بەوەی شوێنی پارێزراویان بۆ خەڵک دابین نەکردبوو.